کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیچارد گۆڵدبێرگ: ترامپ لە هەوڵی ئامادەکاریی هێرشی سەربازیی بەربڵاو دژی ڕێژیمی تارانە

17:38 - 30 بەفرانبار 2725

ڕیچارد گۆڵدبێرگ شرۆڤەکار و چالاکی سیاسیی ئەمریکایی و ڕاوێژکاری باڵای ناوەندی بەرگری لە دێموکراسی ڕایگەیاند سەرۆککۆماری ئەمریکا لە هەوڵی ئامادەکاریی هێزێکی سەربازییە هەتا بژاردەی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەبەر دەستدا بێت.

ڕیچارد گۆڵدبێرگ ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکانی ئەو هێزە سەربازییەی ئەمریکا لەنێوبردنی یەکجاریی ڕێژیمی تاران، بەئامانجگرتنی سامانی سەرەکیی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان، کۆنترۆڵکردنی پێوەندییەکان، کێڵگە نەوتی و بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیم لەخۆ دەگرێت.

گۆڵدبێرگ کە پێشتر لە یەکەمین دەورەی سەرۆککۆماریی ترامپدا بەرپرسی دۆسییە پێوەندیدارەکان لەگەڵ چەکی کۆمەڵکوژ، سزاکان و سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوە لە شۆرای ئەمنییەتیی میللیی ئەمریکا بووە، ڕایگەیاند: لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا ئێستاش بە بەربڵاوییەوە بەڕێوە دەچێت و ئەو ‌هێڵە سوورەی ترامپ بۆ سنووردارکردنی دڕندەییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کێشابووی، پێشێل کراوە.

ڕیچارد هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆککۆماری ئەمریکا باش دەزانێت کە ڕێژیمی تاران چەند دەیەیە لە بەیرووتەوە هەتا عێراق دەستی بە خوێنی ئەمریکاییەکان سوور بووە، بۆیە باشیش دەزانێت چۆن ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە بێتەوە.

ئەو بەرپرسە پێشووەی دەوڵەتی ترامپ پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر دۆناڵد ترامپ لەسەر بەڵێنییەکانی خۆی دەروەست بێت، چەند میلیۆن کەسی دیکەش لە خەڵکی ئێران ئامادەن بێنە سەر شەقامەکان و ڕەوتی لەنێوچوونی ڕێژیمی تاران خێراتر بکەن.