خەڵکی ڕزگاریخوازی کوردستان!
نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران!
لاوانی دەروەستی نیشتمان!
ئێمە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاودەنگی و هاوپشتیی تەواوی خۆمان لەگەڵ ناڕەزایەتییە بەربڵاو و مافخوازانەکانی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی نەتەوەی کوردستان ڕادەگەیەنین. ئەم ناڕەزایەتییانە، ڕەنگدانەوەی دەیان ساڵ ستەم لە هەموو ئێران و هەڵاواردن، نایەکسانی و نکۆڵیکردن لە مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەکانی ژێر ستەم و داگیرکاریی ڕێژیمی ئێرانە و هاواری بەکۆمەڵ بۆ کەرامەتی مرۆیی، ئازادی، ڕزگاری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە سەرکوتی دڕندانە، دەسبەسەرکردنی بەربڵاو، توندوتیژیی سیستەماتیک و هەڕەشەکردن لە ناڕازییان، هەوڵ دەدات دەنگی ئازادیخوازی کپ بکات. هەروەها ئەوەی لە ئیلام و کرماشان ڕوو دەدات، بەڕوونی جیاوازیی هەڵسوکەوتی ڕێژیم لە کوردستان و شارە فارسەکان دەردەخات! میلیتاریزەکردنی قورس، ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژانەتر و کوشتنی دڕندانەی خۆپیشاندەران، نیشانەی دۆخی داگیرکراویی کوردستانە. ئێمە ئەم سەرکوتانە، بەتایبەتی کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئیلام و کرماشان، بەتوندی ئیدانە دەکەین و بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆییی دەزانین.
ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، ڕۆڵی لاوان لە دیاریکردنی ڕێگای گۆڕانکارییەکان، چارەنووسسازە. ئێمە داوا لە لاوانی ئاگا، بەرپرس، ئازادیخواز و ڕزگاریخواز دەکەین کە بە پاراستنی یەکگرتوویی، هاوپشتی و ئیرادەی بەکۆمەڵ، لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکاندا بەشداریی چالاکانەیان هەبێت و ڕێگە نەدەن هیچ لایەنێکی پاوانخواز و ناوەندگەرا و نادێموکراتیک، ئەم ناڕەزایەتییانە بە لاڕێدا ببەن. جەخت دەکەینەوە کە هێزی ڕاستەقینەی ئێمە لە کۆدەنگی و یەکگرتوویییە. تەنها بە یەکگرتنی نەتەوەکان و هێزە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانرێت ئەم ڕێژیمە بەچۆکدا بهێنرێت.
نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران، بەتایبەتی نەتەوەی کوردستان، مافی سروشتی و مێژووییی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئایندەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە، تەنها کاتێک دێتە دی کە نەتەوەکان بۆ خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. بۆیە هیچ پرس و قەیرانێک چارەسەر ناکرێت تاکوو پرسی نەتەوەییی نەتەوەکان چارەسەر نەکرێت.
لە کۆتاییدا، دیسان جەخت دەکەینەوە کە لەگەڵ خەڵکی خۆمان و لاوانین و دڵنیاین بە بوێری و خەباتێکی ئاگایانە، دەگەیەنە ئامانجە بەرزەکانمان کە ڕزگارییە لە بندەستی و داگیرکاری.
دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی