کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی یزاکا بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان

11:08 - 1 رێبەندان 2725

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بسم الله الرحمن الرحیم
٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، بیرهێنانەوەی یەکێک لە پڕشنگدارترین و پڕشکۆترین لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی، کەرامەتی ئینسانی، دادپەروەری، و مافی چارەی خۆنووسینە؛ ئەو ڕۆژەی کە ئیرادەی نەتەوەیەکی چەوساوە لە دژی ستەمکاری و ئینکاری ناسنامە وەستایەوە و ڕایگەیاند کە کوردستان زیندووە و بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران لە دڵەوە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مێژوویی و چارەنووسسازە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەموو ئازادیخوازان و گەلی خۆڕاگری کورد دەکات و بە ڕێزەوە ڕێز لە یادی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیخوازی بەتایبەت ڕێبەرانی شەهید و هەموو ئەو کەسانە دەگرێت کە گیانی شیرینیان بەخت کرد لەپێناو شەرەفی گەلی کورد.
ئەمڕۆ ئەم یادە مێژووییە لەکاتێکدایە کە لاوانی هۆشیار و ئازای ئێران، لە کوردستانەوە تا هەموو وڵات، دژی تیرۆری دەوڵەتی، سەرکوت، کوشتن و سیاسەتی نامرۆڤانەی ڕێژیمی ئاخوندی ڕاپەڕیون و بە هاواری "ڕووخاندن"، خوازیاری کۆتاییهێنان بەم سیستەمە تاوانکاری و پاوانخوازەن. ئەو خوێنە بێتاوانانەی لە شەقامەکاندا ڕژاوە، بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی خستووەتە سەر شانی هەمووان و بەتایبەت هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد.
لێرەوه یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، به جەخت لەسەر یەکگرتوویی داوا له هەموو لایەن و ڕێکخراو و هێزه سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات که ناکۆکییەکانیان به لاوه بنێن و لەم چرکه مێژووییه گرینگەدا، لە دەوری داخوازیی نەتەوەیی و ئینسانی گەلەکەمان کۆ ببنەوە و هاوپەشتی و ڕێنوێنی لەگەڵ ڕاپەڕینی جەماوەریی ئێران بکەن.  ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر هاوسۆزی و هەماهەنگی و هەڵوێستی هاوبەش مەرجی سەرکەوتن و تێپەڕاندنی ستەم و تێرۆرە.
یادی کۆماری کوردستان ئیلهامبەخشمانە بۆ یەکڕیزی و خۆڕاگری و داهاتوویەکی ئازاد و دادپەروەر بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانی ستەملێکراوی ئێران.
سڵاو لە شەهیدانی کۆماری و سەرجەم شەهیدانی کوردستان
درود و سڵاو لە ڕێبوارانی ڕێگای کۆماری کوردستان
مەرگ و نەمان بۆ تاریکپەرەستانی مرۆڤکوژی ئێران

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی