کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای سەرکوت و توندوتیژیی هێزەکانی ڕێژیم، ناڕەزایەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەردەوامە

11:01 - 14 بەفرانبار 2725

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ناڕەزایەتییەکان لە دەیان گەورەشاری ئێران و چەندین شاری دیکە لە هەشتەمین ڕۆژی خۆیدا درێژەی هەیە و سەرکوتی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم نەیتوانیوە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە مافەکانیان پاشگەز بکاتەوە.

بەپێی زانیاری و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ناوەند و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ترسی پەرەسەندنی زیاتری ناڕەزایەتییەکان و هاتنەسەرشەقامی خەڵک، ئینتێرنێتی زۆربەی شارەکانیان خاو کردووەتەوە و کۆمەڵێکی بەرچاو لە خۆپیشاندەرانیان دەسبەسەر و توندوتیژییەکانیان پەرە پێ داوە.

ئەو هەڵسوکەوتە توندویژانەی هێزە دژیگەلییەکانی ڕێژیم بەرانبەر بە خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵک لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران وەک خوێندکاران، کرێکاران، چالاکانی مەدەنی و بنەماڵە مافویستەکان لە بیاننامەی جیاوازدا پێداگرییان لەسەر خۆپیشاندانی هێمنانە کردووەتەوە و خوازیاری ڕاگرتنی سەرکوت و ئازادیی دەسبەسەرکراوان بوون.

شایانی باسە لە خەڵک هەرکام لە گەڕەکەکانی نارمەک، سادقییە، تێهرانپارس، فەردیسی تاران و شارەکانی وەک کەرەج، بەرازجان، ئێسفەهان، گەچساران، مەشهەد، یاسووج، دێزفوول، بۆجنوورد، زابۆل، خوڕەماوا و دەیان شاری دیکە دژ بە نادادپەروەری، هەڵاواردنی سیستماتیک، دۆخی نالەباری ئابووری و نەداری ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن.

لەو خۆپیشاندانانەدا دروشمی وەک "نەمان بۆ دیکتاتۆر"، "نەمان بۆ ستەمگەر، چ شا بێت و چ ڕەهبەر" و دەیان دروشمی دیکە خوازیاری ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە سەرووترینی هەموویان عەلی خامنەیی بوون.

خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران سەرەڕای دڕندەیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، لە داواکاریی مافەکانیان و هاتنەسەرشەقام بەردەوامن و هەتا بێت ناڕەزایەتییەکان بەربڵاوتر و گشتگیرتر دەبن.