سەرکوتی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کاردانەوەی زۆری بەدواوە بووە و شەپۆلێک لە پشتیوانیی وڵاتان لە خۆپیشاندەران و هاوکات مەحکوومکردنی هەڵسوکەوتی هۆڤانەی کاربەدەستانی ڕێژیمی لێ کەوتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕیچارد مارلز، وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆسترالیا لە کۆبوونەوەی پرسیار و وڵام لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، حکوومەت و خەڵکی ئوسترالیا لەپاڵ خەڵکی ئازای ئێراندا وەستاون کە بۆ مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان دژی ڕێژیمێکی سەرکوتکەر و ستەمکار ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
ناوبراو وتوویەتی کە هیچ ڕەواییەک بۆ ڕێژیمی ئێران نییە کە بۆ پاراستنی دەسەڵات هەزاران هاووڵاتیی خۆی بکوژێت، ئەمە تاوانە.
وەزیری بەرگریی ئوسترالیا هەروەها ڕێژیمی ئێرانی بە هێزێکی وێرانکەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان ناو برد و وتی: ئوسترالیا بە ڕێز و سەرسووڕمانەوە سەیری ئەو ئێرانییانە دەکات کە بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.
سەرکوتی ناڕازییان و خۆپیشاندەران بە ئاقارێکی دڵتەزێندا ڕۆیشتووە و هەواڵەکان باس لە کوژرانی هەزاران کەس لە خەڵک بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەکەن.