کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ لە بەدواداچوون بۆ بژاردەی سەربازیی چارەنووسساز دژی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە

11:58 - 1 رێبەندان 2725

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ ڕایگەیاندووە کە دۆناڵد ترامپ چەن ڕۆژ پێش ئەوەی هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران ڕابگریت، بەردەوام داوای لە ڕاوێژکارەکانی کردووە کە ئەو بژاردانە بکەنە گەڵاڵە کە خۆی بە هێرشێکی سەربازیی چارەنووسساز دژی ئێران ناویان دەبات.

ئەم ڕۆژنامەیە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە نووسیویەتی کە ترامپ چەندین جار لە قسەکانیدا سەبارەت بە چاوەڕواانییەکانی لە ئاکامی ئەو هێرشەی کە ئەمریکا دەیەوێ بیکاتە سەر ئێران وشەی "لێبڕاو و یەکلاکەرەوە"ی بەکار هێناوە و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە یاریدەدەرەکانی لە کۆشکی سپی و پێنتاگۆن کۆمەڵێک بژاردەی بۆ دابڕێژن، ئەو بژاردانەی کە ڕەنگە ئامانجییان ڕووخانی حکوومەتی ئێران بێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بژاردەی دیکە کە ئامانجیان سنووردارترە، بریتین لە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی سەر بە سپای پاسداران.

ئەو بەرپرسانەی قسەیان لەگەڵ ڕۆژنامە ئەمریکاییەکەدا کردووە دەڵێن، ترامپ هێشتا هێرشە سەربازییەکانی ڕەت نەکردوونەتەوە، هەر چەند ڕوون نییە کە دواجار چ بڕیارێک دەدات.  ئەم ڕاوێژکارییانە لەکاتێکدا بەردەوامن کە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکایی و فڕۆکە جەنگییەکانی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕۆن.