بەپێی ڕاپۆرتێكی نوێی ڕێکخراوی چاودێریی ئینتێرنێتی "نێت بلاکس"، دەسپێڕانەگەیشتن بە ئینتێرنێت لە ئێراندا پاش زیاتر لە ٢٨٠ کاتژمێر و پەکخستنی سەرانسەریی لەلایەن ڕێژیمەوە، هەروا بەردەوامیی هەیە.
ئەم سنووردانکردنانە لە ١٨ی بەفرانبارەوە، هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی بەربڵاو و خوێناویی ناڕەزایەتییان دەستی پێ کردووە کە بە ماوەدرێژترین پچڕانی پێوەندی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دادەنرێت کە ئێران بەخۆیەوە دیویەتی، بارودۆخێک کە ٩٠ ملیۆن هاووڵاتیی لە دەسپێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێتی ئازاد بێبەش کردووە.
ئەگەرچی بەرپرسانی ڕێژیم پێشوتر گەڕانەوەی وردەوردەی خزمەتگوزارییەکانی ئینتێرنێتیان ڕاگەیاندبوو، بەڵام بەڵگەکانی بەردەست نیشانی دەدەن، ئەوەی کە هەیە جۆرێکە لە "دەستپێڕاگەیشتن بە لیستی سپی"، پێوەندیی سنوردار و هەڵبژاردنی هەندێک پلاتفۆرمی ناوخۆیی و دەسپێڕاگەیشتنی ئازادانە و جێگیر، هێشتا لە ئێراندا بوونی نییە.
هاوکات، چالاکانی بواری ئابووریی هۆشدارییان داوە، کە ئەم پەککەوتنە بەربڵاوە، ڕۆژانە دەیان ملیۆن دۆلار زیانی بە ئابووریی ئێران گەیاندووە و بوەتە هۆی پەککەوتنی جیددی لە بازرگانیی ئانلاین و بازرگانیی دیجیتاڵ و خزمەتگوزارییە ئینتێرنێتییەکان.
لەم پێوەندییەدا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش، نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی هەنوکەیی ئێران دەربڕیوە و جەختیان کردوەتەوە کە پچڕان و سنوردارکردنی ئینتێرنێت، زەمینەی بۆ شاردنەوەی ژمارەی کوژراوان، دەسبەسەرکراوان و سەرکوتی ناڕازییان لە پێوەندی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە، خۆش کردووە.