کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی مافناسان "ICJ"بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بەکارهێنانی بەربڵاو، لەڕادەبەدەر و کوشندەی لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی مەحکووم کردووە و ئەم کارەی بە پێشێلکاریی مافی ژیان، مافی ناڕەزایەتیدەربڕینی ئاشتییانە و ئازادیی ڕادەربڕین زانیوە.
ئەم دامەزراوە مافی مرۆڤییە، بە ئاماژە بە داخستنی ئینتێرنێت لە ٨ی بەفرانبارەوە و لێدوانی بەرپرسانی بەناو دادوەری سەبارەت بە خێراکردنی پرۆسەی دادگاییکردن و ئەگەری پێدانی حوکمی لەسێدارەدان، خوازیاری هەڵوێستی بەپەڵە بوون.
کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی مافناسان، هەروەها داوای لە دەوڵەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندەران لە ئێران بە ڕاشکاوانە مەحکووم بکەن و بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکانی خەڵکی ئێران ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.