مارک وەین مولین، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فاکسنیووز" سەبارەت بە گرژییە نوێیەکان لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی قسەی کرد و وتی کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە نێردراون و ئەگەر تاران وتەکانی دۆناڵد ترامپ بە جیدی وەرنەگرێت، ئەم کەمتەرخەمییە دەتوانێت بە زەرەری خۆی تەواو ببێت.
مولین لە وتەکانی خۆیدا سپای پاسدارانی بە "گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا" ناساند و ڕایگەیاند ئەم هێزە ڕۆڵێکی وەک هێزی "ئێس ئێس" لە ئاڵمانی سەردەمی نازیدا هەیە.
ئەم سێناتۆرە ئەمریکایییە هەروەها ئاماژەی بە دۆخی ڕێبەری ڕێژیم دا و وتی: "خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئایەتوڵڵا لە شوێنی شاراوەی خۆی هاتووەتە دەرەوە و ئەوە یانی شوێنی تەواوی ئەو بۆ سەرۆککۆمار و کۆمەڵگەی زانیاریی ئەمریکا دیارە."
مولین لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "تەنها هۆکاری ئەوەی ئایەتوڵڵا هێشتا زیندووە، ناڕەزایەتیی هەندێک وڵاتانی ناوچەیە لەسەر کوشتنی ئەو. بەڵام ڕۆژێک دێت کە ترامپ سەبری تەواو دەبێت و لەو ڕۆژەدا، ئایەتوڵڵا ڕووبەڕووی دەرەنجامی بڕیارەکانی خۆی دەبێتەوە."
وتەکانی ئەم سێناتۆرە لەکاتێکدا دێت کە گۆڕانکارییە سیاسی و نیزامییەکان لە ناوچەدا بەخێرایی بەردەوامن و گرژیی نێوان واشنگتۆن و تاران گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.