وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا دووبارە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە واشنگتۆن پشتگیریی خۆی لە دەستگەیشتنی خەڵکی ئێران بە ئینتێرنێت و ئامرازەکانی پەیوەندی بەردەوام دەکات و ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی سیاسەتی زۆرترین گوشار لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدرێن، نەک بەرامبەر خەڵک.
لە پەیامێکدا کە لە پەڕەی فارسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" بڵاو کرایەوە، هاتووە: "سیاسەتی زۆرترین گوشار دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە، نەک خەڵک. بۆیە بە دەرکردنی مۆڵەتی D-2، ئامرازە پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیاکانی ئینتێرنێت لە لیستی سزاکان دەرهێناون، تاکوو پەیوەندیی خەڵکی ئێران بەردەوام بێت".
لە بەردەوامیی ئەم پەیامەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بە باوەڕی واشنگتۆن، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەرکەوتنی ڕاستییەکان دەترسێت و بۆیە لە کاتە قەیراناوییەکاندا هەوڵ دەدات ئینتێرنێت دابخات.
لە هەمان کاتدا، "نێت بلاکس" لە دوایین بەڕۆژکردنەوەی خۆیدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٣٠٠ کاتژمێر لەو کاتەوە تێپەڕیوە کە ئێران بۆ شاردنەوەی تاوانەکان، پچڕاندنی سەرتاسەری ئینتێرنێتی جێبەجێ کردووە.
نێت بلاکس هەروەها ئاشکرای کرد کە ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی پلانەکانی خۆی بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی دەرەوەی ئێران، لە تۆڕەکانی "سپی" کەڵک وەردەگرێت.