کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی ٤ کەس لە بەدرە و ١ کەس لە دێهلۆڕان؛ دەسبەسەرکراوانی ئیلام گەیشتنە ٤٤ کەس

11:09 - 14 بەفرانبار 2725

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانبار سێ هاووڵاتی خەڵکی شاری بەدرە سەر بەپارێزگای ئیلام بە ناوەکانی موورادحاسڵی، ئەمین نوورمەنێش و فەرهاد محەممەدڕەشید، هەروەها مۆحسن حەیدەربەیگیش ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانبار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

ئەمرۆ ١٤ی بەفرانباریش سامان مەردانی خەڵکی شاری دێهلۆڕان لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەی دڕندانە و بە بێڕێزیکردن بە بنەماڵەکەی گیراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

دوابەدوای دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان و لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٣٩ هاووڵاتی لە شارەکانی دێهلوڕان، دەرەشار، سەراوڵە و ئاودانان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

کوردپا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەپێێ ئامارەکان ٢٦ لە دێهلوڕان ، ٧ کەس لە دەرەشار ، یەک کەس لە سەراوڵە و و ٥ کەس لە ئاودانان دەسبەسەر کراون. هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاودانانیش هەر لەم ماوە زەمەنییەدا لە تاران و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

لە نێوان دەسبەسەرکراواندا چەند مێرمنداڵێکی خوار تەمەن ١٨ ساڵ هەن و زۆربەی ئەم کەسانە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.

ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، و کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان.

پرسی سەرەتایی ناڕەزایەتییەکان ئابووری و بژیو بوو، بەڵام وردەوردە لە زۆربەی شارەکاندا بوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ڕێژیم و دروشمگەلێک دژی نیزام و ڕێبەرەکانی.