کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاڤۆکی فارین پالیسی: کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی قووڵی ڕەوایی بەرەوڕوویە

11:54 - 2 رێبەندان 2725

بڵاڤۆکی فارین پالیسی لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە ڕاپەڕینە گشتگیرەکانی ئێران و نەمانی ڕەوایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا کردووە و هۆکارەکانی نەڕووخانی ڕێژیمی تاران سەرەڕای دەیان قەیرانی شی کردووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە یەکی ڕێبەندان، بڵاڤۆکی فارین پالیسی ئەمریکایی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای بوونی بەربڵاویی جوغرافیای ئێران، پەرەسەندنی ئاستی توندوتیژییەکانی ڕێژیمی تاران و ئاستی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێشتا نەڕووخاوە و درێژە بە دەسەڵاتداریی دیکتاتۆری خۆی دەدات ئەوەش نیشانەی لاوازیی ئاستی ناڕەزایەتییەکان نییە بەڵکوو چەقبەستوویی پێکهاتەی دەسەڵاتی تاران هۆکاری سەرەکیی لەسەر کار مانەوەی ئەو ڕێژیمەیە.

ئەو بڵاڤۆکە باسی لەوە کرد کە گرانیی لەڕادەبەدەر، دابەزینی بەهای ڕیاڵ، ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان و نافەرمانیی ئاشکرا لە دەسەڵاتداریی ئایینیی تاران و ئاستی بێزاریی کۆمەڵگە لە دەسەڵاتی ناوەند لە ئێران لە ئاستێکدایە کە ئەگەر لە وڵاتانی دیکەدا ڕووی بدایەت بێگومان دەسەڵات هەرەسی دەهێنا، بەڵام بوونی ڕێژیمێکی ئەمنییەتی ـ ئایینیی هەتا ئێستا ڕێگرە لە ڕووخانی ئەکجاریی ڕێژیمی ئایینی لە ئێران.

فارین پالیسی لە درێژەدا باسی لە دیکتاتۆریی ڕەهای عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردووە کە لە سەرەتای دەسەڵاتداریی ناوبراو وەک ڕێبەری ڕێژیم لە ساڵی ٦٨وە سیاسەتی سەرکوت و کوشتوبڕی گرتووە بەر و وڵامی هەر داواکارییەکی بە ئاگر و ئاسن داوەتەوە.

بەپێی شرۆڤەکانی ئەو بڵاڤۆکە ئەمریکاییە، بوونی دەسەڵاتی ڕەهای کوڕەکانی ڕێبەری ڕێژیم لە سەرەوەی دەسەڵات یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی چەقبەستوویی دەسەڵات و ڕێگەنەدان بە کەلێنێکی هێز لەنێو پێکهاتەی دەسەڵات لە هۆیەکانی دیکەی مانەوەی ڕێژیمی تارانە.

هەروەها لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بە ڕۆڵی سپای پاسداران لە سەرکوت و بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی ئێران داوە و باسی لەوە کردووە کە خامنەیی بۆ ملکەچکردنی ئەو هێزە سەرکوتکەرە، ڕاستەوخۆ هەموو سەرچاوە دارایی و سیاسییەکانی گرێ داوە بە بڕیارەکانی خۆیەوە و تەنیا ئەرکی ئەو هێزە پەیڕەوکردنە لە بڕیارەکانی ناوبراو.

بڵاڤۆکی فارین پالستی لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی لەنێو خەڵکی خۆیدا ڕەوایی لەدەست داوە و ئەوەش لە ئاکامدا دەبێتە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی تاران و دەسەڵاتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێت لەوە زیاتر بەردەوام بێت.