کۆمیتەی پشتیوانی لە ڕۆژنامەوانان لە ڕاپۆرتی نوێی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا هێشتا یەکێک لە خراپترین وڵاتەکانی جیهان لە ڕوانگەی هەڵسوکەوتی نادادپەروەرانە لەگەڵ ڕۆژنامەوانانی بەندکراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەسبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان، بڕیارە قورسەکانی دادگا و بڕینی بەرفراوانی پەیوەندییەکان بوونەتە ئامرازە سەرەکییەکانی ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵکردنی ئازادیی گواستنەوەی زانیاری.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە سەرکوتنی میدیاکان دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان توندتر بووە و ڕۆژنامەوانان بە تایبەتی بەهۆی ڕوماڵی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بوونەتە ئامانجی دەسبەسەرکردن.
ئەو کۆمیتەیە پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەرچەندە ژمارەی ڕۆژنامەوانانی زیندانی تا یەکەمی دێسامبر بە بەراورد بە سێ ساڵ پێشتر، لە ٥٥ ڕۆژنامەوانەوە بۆ ٥ کەس دابەزیوە، بەڵام ئێران لە ساڵی ١٩٩٢وە تا ئێستا زۆرترین حاڵەتی ئەشکەنجە و لێدان لە ڕۆژنامەوانانی بەندکراوی تۆمار کردووە.
بەندکردنی تاکەکەسیی درێژخایەن، بێبەریکردن لە چارەسەری پزیشکی، قەرەباڵغیی بەندیخانەکان و ئەشکەنجە، ئەو بارودۆخەیە کە ڕۆژنامەوانانی بەندکراو لە ئێراندا ڕووبەڕووی دەبنەوە.
زۆربەی ئەو ڕۆژنامەوانانە بە تۆمەتەکانی وەک "پڕۆپاگەندە دژی ڕێژیم" و "هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن" دادگایی کراون.
سەرکوتی بەربڵاوی ڕۆژنامەوانان لە ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لە سەردەمی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا نزیک بە ٧٠ ڕۆژنامەوان دەسبەسەر کران.
هەروەها ڕێکخراوی بەرگری لە ڕەوتی ئازادی زانیاری ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، کۆماری ئیسلامی لە ٣٨٥ حاڵەتی هەڵسوکەوتی یاسایی و ئەمنییەتی، لانیکەم ٢٥٦ ڕۆژنامەوان و میدیای کردووەتە ئامانج.
ئەو ڕاپۆرتە نیشان دەدات کە لەو ساڵە جێبەجێکردنی حوکمی زیندانی ١١ ڕۆژنامەوان یەکلایی کراوە و لانیکەم ٣٦ ڕۆژنامەوان و چالاکی میدیایی دەسبەسەر کراون.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی دەسبەسەرکردن و هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ ڕۆژنامەوانان لە ئێران نەتەنیا نیشانەیەک لە سیستەمی دەسەڵاتدارە، بەڵکوو بە لابردنی چاوەدێریی گشتی، ڕێگا بۆ گەشەی گەندەڵی و کەڵکاژۆوەرگرتن لە دەسەڵات زیاتر دەبێت و داهاتووی ئازادیی میدیاکان لە ئێراندا زیاتر ناڕوون دەکات.