کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ناڕەزایەتییەکانی کوردستان بە ئاژاوەگێڕی ناو دەبات

11:41 - 14 بەفرانبار 2725

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ حەوتەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ بنەماڵەی قاسم سلێمانیی تێرۆریست لە ساڵوەگەڕی کوژانیدا، باسی لە نارەزایەتییەکان کرد.

خامنەیی لە قسەکانیدا، سەرەتا ئەم ناڕەزایەتییانەی بە ئاکامی چوونەسەرەوەی لەڕادەبەدەی نرخی دراو و ناسەقامگیریی کەشی کاروکاسبی ناو برد و ناڕەزایەتییەکانی بە "بەرحەق و دروست" ناو برد.

خامنەیی لەم قسانەدا، بازاڕییانی بە وەفادارترین توێژی کۆمەڵگە بە نیزامەکەی و ئینقلاب ناو برد و وتی حیسابی ئەوان لەگەڵ "ئاژاوەگێڕەکان" جیایە.

ڕێبەری ڕێژیم لەم لێدوانەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئیلام و کرماشان، جارێکی دیکە چییەتیی ڕێژیمەکەی بەرانبەر بە خەڵکی کوردستانی زەق کردەوە.

خامنەیی وەک نەریتی هەمیشەیی ڕێژیمەکەی، هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک لە شارەکانی کوردستان بە ئاژاوەگێڕی ناو دەبات و وەک پرسی ئەمنییەتی چاو لێ دەکات و هەر ئەمەش هەڵسوکەوتی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان توندتر دەکاتەوە.

لە ڕۆژی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ هاتنە سەر شەقامی خەڵکی شاری مەڵکشایی لە ئیلام، ژمارەیەک هاووڵاتیی شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هێزەکانی سەرکوت لەم شارە لەسەر بانەکانەوە تەقەیان لە خەڵكی ناڕازیی سەر شەقامەکان کردووە.