کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیاوازیی بەرچاوی ئامارەکانی ڕێژیم لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ

16:19 - 2 رێبەندان 2725

لەکاتێکدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئامارێكی چەواشەکارانە و دوور لە ڕاستی ژماری کوژراوانی خۆپێشانداەکانی ئەو دواییەی تەنیا ٣ هەزار کەس ڕاگەیاندووە، چالاکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە ئاماری ڕاستەقینە زۆر لەوە زیاترە.

ڕێژیمی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ژماری کوژراوانی خۆپیشاندانانی مانگی بەفرانباری ٣ هەزار و ١١٧ نەفەر ڕاگەیاند کە ئەو ئامارە بە سەرنجدان بە مێژووی ڕێژیم لە شاردنەوەی ڕاستییەکان، کاردانەوەی بەرفراوانی لەنێو میدیا جیهانییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا بووە.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، ٢ هەزار و ٤٢٧ کەس لە کوژراوان لەوانە ئەندامانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، بە شەهید و کەسانی بێتاوان لەقەڵەم دراون و ٦٩٠ کەسی دیکەش وەکوو تێرۆریست و ئاژاوەگێڕ ناو بردراون کە هێرشیان کردووەتە سەر بنکە نیزامییەکان.

لە کاردانەوە بەو ئامارە فەرمییەی ڕێژیم، مەحمود ئەمیری‌موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە هەواڵدەریی فەرانسەی ڕاگەیاند کە بەپێی بەڵگە نێوخۆییەکان، ڕێژەی ڕاستەقینەی کوژراوان زۆر زیاتر لە ئاماری فەرمیی ڕێژیمە.

ناوبراو هۆشداری دا کە ڕێژەی ڕاستەقینەی کوژراوان نزیک بە ٢٥ هەزار کەس بەروارد دەکرێ کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە.

هەواڵدەری فەرانسە ئاماژەی داوە کە ناڕەزایەتییەکان لە سەرەتادا بە ناڕەزایەتیی ئابووری و ‌بژێو دەستیان پێ کرد، بەڵام خێرا بۆ بزووتنەوەیەکی سەراسەری دژ بە سیستەمی دەسەڵاتداریی مەلاکان کە لە ساڵی ١٣٥٧ ـەوە دەسەڵاتیان لە ئێراندا بەدەستە، گۆڕدرا.

لە مانگی بەفرانباردا لە چەندین شار لە ئێراندا خۆپێشاندانی بەربڵاو دژ بە ڕێژیم ئەنجام درا، بەڵام سەرکوتی توندی ڕێژیم و پچڕاندنی گشتیی ئینتێرنێت هۆکاری ئارامبوونەوەی کاتیی ناڕەزایییەکان بوو.

بە وتەی ئەو هەواڵدەرییە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەو ناڕەزایەتییانەیان بە "کردەوەی تێرۆریستی" و "نائارامیی توندوتیژانە" ناو بردووە و ئەمریکایان بە هاندانی خۆپیشاندەران تاوانبار کردووە.

لە بەرامبەریشدا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵین لە هەزاران خەڵکی ناڕازی کە خوازیاری گۆڕانکاریی بنەڕەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کوژراون.