لە درێژەی ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان بە هەوڵە دڕندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە سەرکوتەرەکانی لە بەرانبەر خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، هەواڵدەریی ڕویتێرز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە بەڵگەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا کەسانی ڕێبوار و ڕاگوزەریش کراونەتە ئامانج و کوژراون.
ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندان لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە چەند بەڵگەیەکی ڕوون باسی لەوە کرد کە چەند کەسێک لە کوژراوانی تاران و شارەکانی دیکە کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بەشدار نەبوون، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ کراوە و کوژراون.
زانیارییەکانی ڕویتێرز دەرخەری ئەوەیە کە چەند خوێندکارێک لە تاران کە لە زانکۆوە بەرەو شوێنی خەوتنگەیان چوونەتەوە بەبێ ئەوەی دروشم بدەن یان تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکان بن، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بەبێ گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەت و بەبێ تاوان دراونەتە بەر دەستدڕێژ و کوژراون.
ئەو ڕاپۆرتەی ڕویتێرز نیشان دەدات کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی هەڕەمەکی و بەدوور لە هەر چەشنە یاسایەکی نێونەتەوەیی و دژەمرۆییانە بەبێ جیاوازی، خەڵکی ئێران لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتی خۆیدا دەکاتە ئامانج و دەست لە کەس ناپارێزێت.