کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی وێبینارێک بەبۆنەی هەشتایەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان

16:42 - 2 رێبەندان 2725

ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی کۆماری کوردستان، وێبینارێک بۆ بەڕێزان کەماڵ کەریمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئێقباڵ سەفەری چالاکی سیاسی، لەلایەن کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە هەر دوو کۆمیتەی دانمارک و ئاڵمان لە پلاتفۆرمی زوومدا بەڕێوە چوو.

وێبینارەکە بە ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کورد و کوردستان لەلایەن خاتوو کەژوان یووسفی و کاک ئەحمەد ڕەحمانییەوە دەستی پێ کرد و دواتر کاک جەمشید خوسرەوی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک و بە نوێنەرایەتیی هەر دوو کۆمیتەی حیزب بەخێرهاتنی بەشدارانی کرد.

لە پانێلی یەکەمدا کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، باسێکی لەژێر ناوی"٢ ڕێبەندان و پەیامێک بۆ داهاتووی کورد" پێشکەش کرد.

بەڕێز کەریمی لە بەشێک کە لە باسەکەیدا باسی ئەوەی کرد کە کۆماری کوردستان ئەوەی سەلماند کە کورد توانایی ئەوەیی هەیە کە ببێتە خاون سەروەریی خۆی و کیانێک بۆ خۆی پێک بهێنێت و بپارێزێت. گەورەیی کۆماری کوردستان وای کردووە کە پاش ٨٠ ساڵ،   تەنیا لە مەهاباددا قەتیس نەمێنێت و بە سەرەڕای بوونی ڕوانگە و مێتۆدی جیاوازی سیاسی لە کوردستاندا، کۆماری کوردستان و ئامانجەکانی بە وێستگەی سەرەکی لە بەدیهاتنی ئامانجەکانی خەباتی گەلی کورددا بەرجەستە دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا کاک کەماڵ بە شرۆڤەی دۆخی ئێستای کوردستان و دوای ڕابوونی شۆڕشگێڕانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەپاندنی شەڕ بە سەر ڕۆژاوای کوردستاندا، ئاماژەی بەوە کرد کە بە پێچەوانی ساڵانی پێشوو ئێستا زڵهێزەکان دەسەڵات بەو هێز و لایەنانە دەبەخشن کە سەردەمێک بە تێرۆریست ناویان دەبردن و ئامادەن لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا مانەوەی ڕێژیمی ئێران تەحەمول بکەن. هەر ئەوەش وای کردووە کە ئێستا کوردستان لە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەرێت. بەڵام لەو حاڵەشدا نەتەوەی کورد بە تایبەتی بە پشتیوانیی یەکپارچە و یەکگرتوو لە ڕۆژاوای کوردستان، بۆ جارێکی دیکە سەلماندی کە توانایی ئەوەی هەیە لەم قۆناغەش تێپەڕێت و بەرەنگاری هەموو بزاڤێک ببێتەوە کە هەوڵی لاوازکردنی هێزی کورد دەدەن.

 لە پانێلی دووهەمدا کاک ئێقباڵ سەفەری باسێکی لەژێر ناوی "کۆماری کوردستان خاڵی وەرچەرخانی مێژووی کوردە کە کوردی لە سەردەمی پێش مودێڕنەوە گواستەوە بۆ مودێرنیزم و دنیای نوێ" پێشکەش کرد.

بەڕێز سەفەری، لە بەشێک لە باسەکەیدا باسی لەوە کرد کە دامەزرانی کۆماری کوردستان خاڵێکی وەرچەرخانە کە دەتوانین بڵێین لە سەردەمێکدا کە شۆڕشی کورد لە باری بەرنامەوە لاواز بووە، لەمەودوا بە بەرنامە دەکرێت و  بە بەرنامەوە بەرەو پێش دەچێت.

بەڕێزیان لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە شۆڕشی ژینا کرد و وتی کە لە دوای ئەم شۆڕشەدا بارودۆخ گۆڕاوە و ئیدئولۆژی جێگای داوە بە شوناسخوازی و هۆشیاریی گەل و پەرەسەندنی میدیا بوونەتە هۆکار کە سنوورەکان بەزیون و لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تەنانەت لە ناو کوردەکانی خوراسان و ناوچەکانی دیکەشدا بە خۆشییەوە وەکوو یەک  نەتەوە بەیەکەوە هەڵسوکەت دەکەین و خۆشی و ناخۆشییەکانمان لە گەڵ یەکتری دابەش دەکەین.

لە بەشی کۆتاییدا وڵامی پرسیار، سەرنج و تێبینیی بەشداران درایەوە.