پارلەمانی ئورووپا سەرەڕای ئەوەی خوازیاری کۆتاییهێنان بە سەرکوت و توندوتیژیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێرانە، بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی پەسەند کرد.
لە بڕیارنامەکەی پارلەمانی ئورووپادا پێداگری لەسەر دەرکردنی دیپلۆماتکارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە یەکیەتیی ئورووپا کراوە.
هەروەها یەکیەتیی ئورووپا لە بڕیارنامەی دژ بە ڕێژیمی ئێراندا ڕێکاری پێویست بۆ پێشگرتن لە سنووردارکردنی ئینتێرنێت لەلایەن ڕێژیمی تارانی پەسەند کردووە.
سەرۆکی پارلەمانی ئورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا لەوبارەوە نووسیویەتی: "لە تارانەوە هەتا دڵی ئورووپا، پەیامەکە ڕوونە، ئێران دەبێت ئازاد بێت و ئێران ئازاد دەبێت".
ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پارلەمانی ئورووپا لەو پەیامەیدا پێداگرە لەسەر ئەوەی کە پارلەمانی ئورووپا بەشێوەی بەربڵاو پشتیوانی لە داخوازییەکانی خەڵکی ئێران دەکات و خوازیاری ڕاگرتنی سەرکوت و لەسێدارەدانەکان، ئازادیی بەندکراوان و سزادانی سەرکوتکەرەکانە.
سەرۆکی پارلەمانی ئورووپا هەروەها نووسیویەتی: "خەڵکی ئێران تەنیا نین، تەنانەت لە کاتی بڕینی ئینتێرنێت و پچڕانی پێوەندییەکاندا، ئێمە دەنگی خەڵکی ئێران دەبیستین".