کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پڕۆفیسۆر گوڵموراد مورادی بیرمەند، نووسەر، وەرگێڕی خەڵکی سەرپێڵ

16:52 - 14 بەفرانبار 2725

ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، دوکتور گوڵموراد مورادی، بیرمەند، نووسەر، وەرگێڕ، لێکۆڵەر و لە کەسایەتییە کاریگەرە فەرهەنگی و مافی مرۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆچی دوایی کرد.
ژیانی ناوبراو گێڕانەوەیەکی ڕوون لە تێکەڵاوبوونی ئازار، زانست و بەرپرسایەتیی کۆمەڵایەتی بوو.
ناوبراو لە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٣١٩ لە گوندی چیاکەچەڵ لە شاری سەرپێڵ سەر بە پارێزگای کرماشان لەدایک بوو و لە سەرەتای مێرمنداڵییەوە دەستی بە کار کرد و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ وەکوو بەردەستی وەستا، کاری درومانی کرد.
بۆ ماوەی ٨ ساڵی کاری نیزامی کرد و ئەمە بوو ئەزموونێک کە دواتر لە شرۆڤە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیدا، ڕەنگی دایەوە و وای کرد کە بە شێوەیەکی واقعبینانە و ڕەخنەگرانە چاو لە هێز و ساختاری هێز بکا.
قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی لە قوتابخانەی ئەکابر و شەوانەدا تێپەڕاند و هاوکات لەگەڵ کارکردن، لە قوتابخانەی ئەمریکایی دیپلۆمی وەرگرت.
بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کۆلێژی ئەمریکایی درێژەی بە خوێندن دا و بۆ درێژەدان ڕووی لە وڵاتی ئالمان کرد و لە زانکۆی هایدلبێرگ، لە بوارەکانی زانسستی ئابووری و کۆمەڵناسی هەتا ماستەری خوێند و دواتر دوکتوراکەی لە زانستی سیاسیدا وەرگرت.
لووتکەی چالاکییەکانی لە زانکۆ، نووسینی تێزی قۆناغی پڕۆفیسۆرییەکەی بوو و بۆ ئەمەش لێکۆڵینەوەیەکی بەنرخی سەبارەت بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و مەزهەبییەەکان لە ئێراندا ئەنجام دا.
لە ساڵەکانی ١٩٨٨ هەتا ١٩٩٣ لە زانکۆکانی هایدلبێرگ، بێرمەن و هامبورگ کاری وانەوتنەوەی دەکرد.
دوکتور گوڵموراد لە ساڵانەدا، مێژوو، کۆمەڵناسی و پرسە نەتەوەییەکانی بە ڕوانینێکی شیکارانە فێڕی خوێندکارەکانی کرد و هاوکات ڕۆڵێکی کارای لە ناساندنی مێژوو و فەرهەنگی کورد لە زانکۆکانی ئورووپادا گێڕا.
دواتر لە دامەزراندنی نووسینگەی ڕاوێژکاریی بنەماڵە و وەرگێڕان، بەشێوەی پرۆفێشناڵ چالاکییەکانی خۆی بە شێوەی هاوکات بە چوار زمانی کوردی، فارسی، ئاڵمانی و ئینگلیسی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و زمانی درێژە پێ دا. 
لە ئاسەوارەکانی ئەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین: بزووتنەوەی نەتەوەکانی ئێران لە هیرشی عەرەبەکانەوە بۆ سەر ئێران هەتا کۆماری کوردستان لە مەهاباد بە زمانی ئاڵمانی، مێژوو و گێڕانەوەکانی جێژنی نەورۆز بە ئاڵمانی، ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە مێژوو و فەلسەفەی یارسان، کورتەیەک لە مێژووی دینەکان و ڕۆمانی چ هەقیقەتێکی تاڵ کە لە کانادا بڵاو کرایەوە.
لە چوارچێوەی چالاکیی مەدەنیدا، بۆ ماوەی سێ دەورە ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی قەڵەمی ئێران لە تاراوگە و یەک دەورە ئەندامی کۆڕی ڕاوێژکارانی کانوونی نووسەرانی ئێران لە تاراوگە بوو.
ناوبراو ساڵی ١٩٩٨، وەکوو وتەبێژی کۆمەڵگەی فەرهەنگیی یارسان لە دەرەوەی وڵات ناسرا و لە ٢٠١٢ـەوە بەرپرسایەتیی ناوەندی زاگرۆس بۆ مافی مرۆڤی لە ئەستۆ گرت.
دوکتور گوڵموراد لە دانیشتنەکانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ و وتارەکانیدا بە زمانی ئینگلیزی، بەرگریی لە مافی کەمینە دینی و نەتەوەییەکان بەتایبەت یارسانەکان دەکردەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.