کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئەمریکا دژی ٩ کەشتی و ٨ کۆمپانیای ئێران

09:52 - 4 رێبەندان 2725

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٣ی ڕێبەندان، ٩ کەشتی و ٨ کۆمپانیای خزمەتگوزاریی دەریایی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی خەزێنه‌داریی ئەمریکا، ئەم ٩ کەشتییە لە "ناوگانی سایە"ی ڕێژیمی ئێرانن کە بۆ دەورلێدانی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بەکاری دەهێنن و بە هۆی کوشتاری خۆپێشاندەران گەمارۆ دراون.

وەزارەتی خەزێنه‌داریی ئەمریکا هۆکاری ئەو گەمارۆیەی بۆ "سەرکوتی خوێناوی و ستەمکارانەی خۆپێشاندەران و پچڕاندنی تەواوی ئینتێرنێت بۆ شاردنەوەی ئاستی ئازاری خەڵکی ئێران" گەڕاندووەتەوە.

بەپێی بڵاوکراوەی وەزارەتی خەزێنه‌داری، ئەم ٩ کەشتی و کۆمپانیایە کە سەرپەرست یان خاوەنەکانیان لە وڵاتە جیاوازەکان جێگرن، باری نەوت و بەرهەمەکانی نەوتی ئێران بە نرخەکانی سەدان ملیۆن دۆلاریان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە گواستووەتەوە.

سکات بسێنت، وەزیری خەزێنه‌داریی ئەمریکا لەو بەیاننامەیەدا وتی: "گەمارۆکانی ئەمڕۆ، بەشی گرینگی ڕێوشوێنە داراییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بۆ سەرکوتی خەڵکی خۆی بەکاری دەهێنێت".

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە وەکوو پێشتر، خزێنه‌داری بۆ دۆزینەوەی دەیان ملیۆن دۆلار کە ڕێژیمی ئێڕان دزیویەتی و بەسەختی لە هەوڵی ڕاگواستنیان بۆ بانکەکانی دەرەوەی ئیرانە، بەردەوامە.