لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هەڕەشەیان لە چەند ڕۆژنامەنووس لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران کردووە.
ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە چەند پارێزگای کوردستان و ئێران، لەوانە سنە، ئیلام، تاران و گیلان لە ڕێگەی پەیوەندیی تلفۆنی هەڕەشەیان لە ڕۆژنامەنووسان کردووە کە نابێت هیچ هەواڵ و زانیارییەک سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار بڵاو بکەنەوە.
هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لێ کردوون کە ئەگەر سەبارەت بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان زانیاری بڵاو بکەنەوە، تووشی هەڵسوکەوتی یاسایی دەبن.
ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە هەندێک لە ڕۆژنامەنووسانیان ڕاگەیاندووە کە مافی دەرچوون لە ماڵ یان شوێنی کار و بەشداریکردن لە خۆپیشاندانیان نییە و هەروەها هەڕەشەیان لێ کردوون کە ئەگەر سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئێران بابەت یان ڕاپۆرتێک بڵاو بکەنەوە، بە تۆمەتی "پشتیوانی لە وڵاتانی دوژمن دژ بە کۆماری ئیسلامی" تاوانبار دەکرێن.
هەروەها پێش شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، ئیتلاعاتی سپای پاسداران ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی لە تاران و هەروەها لە پارێزگاکانی دیکە وەک سنە بانگهێشت کردووە بە شێوەیەکی توند هەڕەشەیان لێ کردوون کە مافی بڵاوکردنەوەی زانیارییان نییە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕۆژنامەی "هممیهن"ی بەهۆی ڕاگەیاندن سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان و بارودۆخی بنەماڵەی کوژراوەکان ڕاگرتووە.