کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلەمانی ئورووپا سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندەرانی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرد

10:13 - 4 رێبەندان 2725

پارلەمانی ئورووپا بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک، سەرکوت و کوشتاری بەکۆمەڵی خۆپیشاندەرانی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەتوندی مەحکووم کرد.

لەو بڕیارنامەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندان پەسەند کرا، پارلەمانی ئورووپا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ خەڵکی ئێران و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی بوێرانە و ڕەوایان ڕاگەیاند و بەکارهێنانی فراوان و بەئەنقەست و دڕندانەی هێز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بەتوندی مەحکووم کرد.

ئەو نۆینەرانە داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە کە بێ هیچ مەرجێک و دەستبەجێ توندوتیژی دژ بە خۆپێشاندەران کۆتایی پێ بهێنن، هەموو سێدارەکان ڕابگرن و کوشتن و سەرکوتی هاووڵاتییانی مەدەنی بوەستێنن.

ئەم بڕیارنامەیە بە ٥٦٢ دەنگی ئەرێنی، ٩ دەنگی نەرێنی و ٥٧ دەنگی بێ‌لایەن پەسەند کرا.

پارلەمانی ئورووپا کوشتنی هەزاران خۆپیشاندەری نیشانەی گۆڕانی ستراتێژیی ڕێژیمی ئێران "لە ترساندن بۆ لەناوبردنی ستراتێژی" لە قەڵەم داوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی هەموو خۆپیشاندەران، پارێزەرانى مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی دەسبەسەر‌کراوی کردووە.

لە بڕیارنامەکەدا هەروەها داوا لە ئەنجوومەنی ئورووپا کراوە کە سپای پاسداران، بە هەموو بەشەکانی وەکوو بەسیج و هێزی قودس، وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنرێت.

پارلەمانی ئورووپا هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ سزا و گەمارۆکانی ئەو دواییانەی ئەمریکا ڕاگەیاندووە و داوای لە یەکییەتیی ئورووپا کردووە کە خێرا دژ بە هەموو بەرپرسان و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە سەرکوت هەنگاو بنێنەوە.

ئەو نۆینەرانە هەروەها هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ سانسۆری ناڕەزایەتییەکان لە ڕێگای پچڕاندنی ئینتێرنێتیان مەحکووم کردووە و داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە پشتیوانیی تەکنیکی و ماڵی بۆ دەورلێدانی سانسۆر و پاراستنی هاووڵاتییان لە دەستکاریی سایبێری زیاد بکات.

پارلەمانی ئورووپا بە ئاماژە بە مێژووی درێژی سەرکوتی سیستماتیکی ڕێژیمی ئێران، بە تایبەتی دژ بە ژنان، چالاکانی مافی مرۆڤ و ئۆپۆزسیۆن، دووبارە داوای ئەوەی کردووە کە دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگە بە دەستپێڕاگەیشتنی بێسنووری کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بدەن.

لە کۆتایی بڕیارنامەکەدا هاتووە کە هەر جۆرە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، تەنیا دەتوانێت دوای ئازادکردنی بێ‌مەرجی زیندانییانی سیاسی و پێشکەوتنی ڕاستەقینە بۆ دێموکراسی و حوکمڕانیی یاسا بێتە دی.