کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: لەوانەیە ژمارەی کوژراوان لە ئێران بگاتە سەرووی ۲۰ هەزار کەس

11:18 - 4 رێبەندان 2725

لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەردەوامە، ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆ و نێودەوڵەتییەکانەوە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی مەترسیداری ژمارەی کوژراوان دەکەن.

مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بوارى مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاند کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، ژمارەی هاووڵاتییانی مەدەنی کە لە سەرکوتی خۆپیشاندەراندا گیانیان لەدەست داوە، لانیکەم ٥ هەزار کەسە.

ناوبراو بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی پزیشکانی ناو ئێران زیادی کرد کە ئەم ژمارەیە لەوانەیە لانیکەم ۲۰ هەزار کەس بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" لە ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا" تا ئێستا کوژرانی ٤ هەزار و ٩٠٢ کەسی لە خۆپیشاندانەکانی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەروەها هێشتا لێکۆڵینەوە لەسەر زیاتر لە ٩ هەزار و ٣٨٧ حاڵەتی دیکە بەردەوامە و زیاتر لە ٢٦ هەزار کەسیش دەسبەسەر کراون.

بلۆمبێرگ زیادی کرد کە پچڕاندنی ئینتێرنێت و تێکدانی پەیوەندییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کارى ڕاستی‌دۆزینەوەی دامەزراوە مافی مرۆڤییەکانی زۆر ئەستەم کردووە.

هەروەها، دەسەڵاتدارانی ئێران دوای دوو حەفتە لە گەورەترین کوشتاری خەڵکی ئێران لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتە، تەنیا ئامارێکی فەرمی بێ بەڵگەیان بڵاو کردووەتەوە کە بەتوندی لەلایەن میدیا و دامەزراوە سەربەخۆکانەوە ڕەت کراوەتەوە.

ڕێژیمی ئێران پێشتر و لە ئامارێکی دوور لە ڕاستی و بە بێ‌ دەرخستنی بەڵگە ڕایگەیاندبوو کە لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، تەنیا ٦٩٠ خۆپیشاندەر و هەروەها ٢ هەزار و ٤٢٧ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان کوژراون.