کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سپەیسێک لە تۆڕی ئێکس بۆ بەڕیز مستەفا مەولوودی

11:21 - 4 رێبەندان 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانئ ١٤٠٤(٢٣/١/٢٠٢٦)، لەلایەن بەشی سۆشیاڵ‌ میدیای دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتەوە، سپەیسێک لە تۆڕی ئێکس بە ئامادەبوونی بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

سپەیسەکە بە سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و خەباتی نەتەوەیی دەستی پێ کرد.

لە بەشی دواتردا، خاتوو شنۆ میهرپەروەر پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، پێشکەشی ئامادەبووان کرد کە تێیدا گرنگی و مانای مێژوویی ئەم ڕۆژە و پێویستیی بەردەوامیی خەباتی نەتەوەیی لە قۆناغی ئێستادا خراوەتە ڕوو.

بەڕێز سۆران شەمسی، بەرپرسی سۆشیاڵ ‌میدیای حیزب لە دەرەوەی وڵات، پەیامێکی پێشکەش کرد کە تێیدا بەوردی باس لە مێژووی ٢ی ڕێبەندان، شوێن و کاریگەریی خەباتی کۆماری کوردستان لە مێژووی نەتەوەیی گەلی کورد و هەروەها پەیوەندی و دۆخی خەباتی ئێستای ڕۆژهەڵات کرابوو و ئەوەشی خستە بەر باس کە ئەم مێژوویە هێشتا سەرچاوەی هۆشیاری و ڕێنمایی خەباتی ئێستایە.

دواتر میوانی سپەیسەکە، بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی، وتارێکی ورد، پڕ ناوەڕۆک و تێروتەسەلی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ڕەهەندە سیاسی، نەتەوەیی و مێژووییەکانی کۆماری کوردستان و شوێنەواری ئەو ئەزموونە لەسەر شێوازی خەبات، ڕێکخستن و ستراتێژیی خەباتی گەلی کورد لە قۆناغی ئێستادا. هەروەها باسی لە دۆخی سیاسیی ناوخۆی ئێران و پێویستیی هاوڕێیەتی نێوان هێزە نیشتمانییەکان کرد.

لە بەشی دواتردا کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەی میوانەکە کرا و وڵامەکان بە شێوەیەکی ڕوون، ورد و پڕ ناوەڕۆک پێشکەش کران.

سپەیسەکە بە پێشکەشکردنی سروودێکی حەماسی کۆتایی پێ هات.