لە درێژەی هەوڵی ڕێکخراوە جیهانی و نێونەتەوەییەکان لەمەڕ لەقاودانی تاوانە دژەمرۆییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دژی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەوبارەوە، ڕاپۆرتێکی لەو پێوەندییەدا بڵاو کردەوە.
ڕۆژی هەینی ٣ی ڕێبەندان، لە بەرەبەری کۆبوونەوەی تایبەتی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئێرانەوە، ڕاپۆرتێک لەمەڕ پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی ڕێژیمی تاران لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا بڵاو کرایەوە و تێیدا ئاماژە بە چەندین هەوڵی دژەمرۆیی و ڕێگریی توند لە هەر جۆرە کۆبوونەوەیەک لە ئێران کرا.
لە دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا هاتووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دوای کوشتوبڕی دڕندانەی ناڕازییان لە هەوڵدایە لە ڕێگەی پچڕاندنی ئینتێرنێتەوە، مێلیتاریزەکردنی شارەکان، بڵاوکردنەوەی هێزە سەرکوتکەرەکانی، دەسبەسەرکردنی دەیان هەزار کەس، ئەشکەنجە و گوشاری سیستماتیک بۆ سەر بنەماڵەی قوربانییان، ئەو سەرکوتە دڕندانە و خوێناوییە لە چاوی خەڵکی نێوخۆ و دەرەوە و کۆمەڵگەی جیهانی بشارێتەوە.
دیانا ئەلتەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەوە ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا خەڵکی ئێران هێشتا خەمبارن و جینایەتی کوشتوبڕی ناڕازییان لە پێش چاویان ون نەبووە و شوێنەواری ئەو دڕندەییە بەسەر دەروونیانەوە قورسایی دەکات، بەرپرسانی ئێرانی هێرشی هاواهەنگیان بۆ سەر مافی ژیان، کەرامەت و ئازادیی بنەڕەتی خەڵکی دەست پێ کردووە و لە ڕێگەی ترس و دڵەڕاوکێوە خەڵکی ئێران سەرکوت دەکات".