کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی لەڕادەبەدەری ڕێژیم لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و بەردەوامیی هەڕەشەکانی لە گەلی کورد

16:53 - 14 بەفرانبار 2725

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە لە ڕێگەی کورتەنامەوە هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە کە نابێت بەشداریی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بکەن.

بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، جێگرایەتیی کۆمەڵایەتی و پێشگرتن لە تاوانی بەناو دادگوستەریی ڕێژیم لە پارێزگای سنە بە ناردنی کورتەنامە بۆ هاونیشتمانییانی کوردستان خوازیاری بەشدارینەکردن لە هەر جۆرە خۆپیشاندانێک بووە.

هەروەها زانیارییەکانی ژووری هەواڵ باس لەوە دەکەن لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و  ڕاپەڕینی خەڵکی مافویستی کوردستان هێڵی ئێنتێرنێتی زۆربەی شارەکانی کوردستانییان خاو کردووەتەوە.

ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی هێزەکانی خۆی لە شارەکانی ئێران بەگشتی کوردستان بەتایبەتی جێگیر کردووە.

هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ناڕەزایەتییەکان لە دەیان گەورەشاری ئێران و چەندین شاری دیکە لە ٨هەشتەمین ڕۆژی خۆیدا درێژەی هەیە و سەرکوتی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم نەیتوانیوە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە مافەکانیان پاشگەز بکاتەوە.