کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکان: لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا زیاتر لە ٢٠ منداڵ کوژراون

11:42 - 4 رێبەندان 2725

لە ڕەوتی ناڕەزایەتیی هێمنانە و ڕاپەڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان دژ بە ستەم و بێدادیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و کوشتوبڕی خەڵکی بێتاوانی ئێران، شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا کوژرانی زیاتر لە ٢٠ منداڵی پشتڕاست کردەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا شوناسیانی بڵاو کردەوە.

ئەو شۆرا سێنفییە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێڕای هاوخەمی و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو منداڵە کوژراوانە شوناسی هەر ٢٠ منداڵە کوژراوەکەی بەو شێوەیە بڵاو کردەوە: "ئەبولفەزل دێهقانی خەڵکی بیجاڕ، ئەمیرعەلی پەرویزی خەڵکی تاران، مستەفا سەرئەفراز ئەردەکانی خەڵکی یەزد، ئەمیرحوسێن دەوڵەت‌ئابادی خەڵکی ئەراک، کیاوەش میرقاسمی خەڵکی گورگان، غەزەڵ جان قوربان خەڵکی ئێسفەهان، محەممەدڕەزا مەدەنی خەڵکی کەرەج، بەهار حوسێنی ٣ ساڵە و خەڵکی نەیشابوور، تەها سەفەری خەڵکی ئەزنای لوڕستان، ئەمیرحیسام خودایاری خەڵکی کۆیەشتی لوڕستان، مستەفا فەلاحی خەڵکی ئەزنای لوڕستان، ئەمیرعەلی حەیدەری خەڵکی کرماشان، سینا ئەشکبووس خەڵکی تاران، مێهرداد سادقی خەڵکی ئێسفەهان، بێنیامین محەممەدی خەڵکی گوڵچینی تاران، ئەبولفەزلی بەیگ‌محەممەدی خەڵکی ئەراک، ئارنیکا دەباغ خەڵکی گورگان، ئەمیرئەرسەلان بەهمەنی نژاد خەڵکی ئێسفەهان، ئەبولفەزل بەختیار دوورکی خەڵکی ئێسفەهان و بۆرنا دێهقانی خەڵکی تاران."

ئەو ئامارەی شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران لەکاتێکدایە کە لە دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هێرانا و هەواڵدەریی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، ئاماری کوژرانی منداڵان لە مانگی بەفرانباری  ١٤٠٤ی بە ٤٢ منداڵ خەمڵاندووە.

شایانی باسە ئەو ئامارانە تەنیا ئەو ڕێژەیە لەخۆ دەگرێت کە تۆمار کراون و ئامارە نافەرمییەکان دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی لە هیچ چین و توێژێک نەپاراستووە و ڕێژەی کوژراوانی ئێران لەوانەش ژنان و منداڵان زۆر لەوە ڕێژەیە زیاتر و کارەساتبارترە.