کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی دادستانی پێشووی جینایەتە جەنگییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سزادانی بەرپرسانی ڕێژیم

12:22 - 4 رێبەندان 2725

پەیام ئێخوان، چالاکوانی مافی مرۆڤی ئێرانی-کانادایی و دادستانی پێشووی دادگای تاوانە جەنگییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیوادارە کە بەرپرسانی ئێرانی هاوشێوەی سەرکردەکانی ئاڵمانی نازی سزا بدرێن و دادپەروەری لەبارەی ئەمانەوە جێبەجێ بکرێت.

ئێخوان ڕۆژی هەینی ٣ی ڕێبەندان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ڕویتێرز وتوویەتی کە چوارچێوەی تاوانەکانی کۆماری ئێسلامی لە ڕەوتی نارەزایەتییەکانی ئەم دواییانە بێوێنە بووە؛ ناوبراو زیادی کرد کە هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە بەستێنی دادپەروەری هاوشێوەی نۆرێنبێرگ بۆ وڵاتی ئێران دابین بکەین.

مای ساتۆ هەوڵنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران، ٢ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە کوژراوەکان لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ئەم دواییانە دەکرێت زۆرتر لە ٢٠هەزار کەس بێت.

دادگای نۆرێنبێرگ دوای کۆتاییهاتنی شەڕی جیهانیی دووەم بۆ سزای سەرکردەکانی ئاڵمانی نازی ڕێک خرا کە ئامانجی سەرەکیی ئەم دادگایە لێپرسینەوە لە تاوانە جەنگییەکان، تاوان دژی مرۆڤ و کۆمەڵکوژی بووە.

بەم شێوەیە بەرپرسانی ئاڵمانی نازی بە شێوەی تاکەکەسی لە بەرامبەر یاسای نێودەوڵەتی وڵامدەر کراون و بنەمای (فەرمانی باڵادەست) بۆ بەرگری لە خۆیان قەبوول نەکرا.

ئەم دادگایانە ڕۆڵی گرینگیان لە داڕشتنی یاسای سزادانە نێودەوڵەتییەکان، پێناسەکردنی تاوانەکان دژی مرۆڤایەتییەکان و دروستکردنی بنەمای یاسایی بۆ دادگا هەبوو.