کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژاوا باسیان لە دۆخی کارەساتباری مرۆیی لەو بەشەی کوردستان کردووە

12:28 - 4 رێبەندان 2725

لە درێژەی ڕەوتی نائارامی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی نێوان هێزەکانی سووریەی دێموکرات "هەسەدە" و حکوومەتی کاتیی سووریە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژاوا باسی لە دۆخی نالەباری کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان کردووە.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژاوا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی دۆخی ڕۆژاوای کوردستانەوە نووسیویەتی: "لەم زستانە دژوارەدا چەندین ئاوایی و شارۆچکەی ڕۆژاوا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوون بوونەتەوە".

ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژاوا ئاماژەی بەوە داوە کە "ئەم ڕووداو و شەڕ و نائارامییانە شوێندانەریی نەرێنییان لەسەر هاونیشتمانییانی مەدەنی داناوە و پڕۆسەی خوێندن بە تەواوەتی پەکی کەوتووە".

ئیلهام ئەحمەد باسی لەوە کرد کە لە هەوڵی کۆتاییهێنان بەم شەڕ و ئاڵۆزییانەدان و هەموو هەوڵە نیشتمانی و نێونەتەوەییەکانی لەوبارەوە بەرز نرخاند.

سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژاوای کوردستان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشە و گرفتەکان، ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا کە دۆخی مرۆیی گەیشتووەتە ئاستی کارەساتبار و ئاماری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەرخەری ئەوەیە کە زیاتر لە ١٣٤ هەزار هاونیشتمانیی دانیشتووی حەلەب، ڕەققە و دێرەزوور ئاوارە بوون.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئێستادا شاری کۆبانی لەژێر گەمارۆیەکی توندی سپای عەرەبیی سووریەدایە.

هەروەها لە ٩ ڕۆژی ڕابردوودا هەموو ڕێگەکانی گەیشتنی سووتەمەنی و ئاو و نان بۆ ناو شاری کۆبانی بڕاون و کارەبا و ئینتێرنێت بە تەواوی پچڕاون و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو دۆخەدا، هاونیشتمانییانی ڕۆژاوای کوردستان ڕووبەڕووی کارەساتی مرۆیی گەورەتر دەبنەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی مانگی سووری کورد، هەتا ئێستا ٤ منداڵی خەڵکی کۆبانی بەهۆی سەرما و نەبوونی سەرپەناوە گیانیان لەدەست داوە.