کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن: کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی لاوازیدایە

16:36 - 4 رێبەندان 2725

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پێنتاگۆن لە بڵاوکراوەی ستراتێژیی بەرگریی میللیی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٦دا، وێڕای ئاماژەدان بە هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیی سەربازیی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی تاران لاوازتر و بێتواناتر لە هەموو کاتێکە.

لەو بەڵگەنامەیەی پێنتاگۆندا هاتووە کە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی تاران تووشی لێکهەڵوەشان و وێرانی بوون؛ ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل، حیزبوڵڵا و حەماسی زۆر لاواز کردووە و چیتر ئەو گرووپانە وەک پێشتر توانای بەرگری و هێرشیان نەماوە.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پێداگرە لەسەر ئەوەی ڕێژیمی تاران لەهەوڵدایە کە هێزە سەربازییەکانی خۆی ڕێک بخاتەوە و بەهێزیان بکات.

هەروەها پێنتاگۆن لەسەر ئەو بڕوایەیە کە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی نەک هەر گیانی ئەمریکاییەکانی لە ناوچەکە خستووەتە مەترسییەوە، بەڵکوو هۆکاری ناسەقامگیری و نائارامییەکانی ناوچەکەیە.

هەروەها بنکەی ناوەندیی فەرماندەیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەو بڵاوکراوەیەدا پێداگرە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە کەنداودا، زیاتر لە هەموو کات ئامادەن لە بەرانبەر ڕێژیمی تاراندا بوەستنەوە.

شایانی باسە پێنتاگۆن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ١٥ی زۆرتری بۆ ناوچەکە نارد و هێزی ئاسمانیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا گرژییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی زیاتر بووە و خۆی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە دەکات.