بەڵگەی ستراتێژیی ئەمنییەتی بەرگری ئەمریکا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەوە بڵاو کراوەتەوە، کۆماری ئیسلامیی وەک ڕێژێمێک ناساندووە کە "لاوازتر و خەسارهەڵگرتر لە دەیەکانی ڕابردوو" بووە، بەڵام هاوکات هۆشداری دەدات کە تاران هێشتا هەوڵ دەدات توانای سەربازیی خۆی بنیات بنێتەوە و بەرنامەی ناوکیی خۆی بەهێزتر بکات.
لە بەشە تایبەتییەکانی ئەو بەڵگەنامەیەدا هاتووە کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ دووبارە پشتڕاستی کردووەتەوە کە هیچ ڕێگایەک نادات ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات.
باڵگەنامەکە ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو" وەک نموونەیەک لە هەنگاوێکی لێبراو، بەربڵاو و بێوێنە باس دەکات کە بە وتەی ئەمریکا، بەرنامەی ناوکیی ئێرانی بە تەواوی لەناو بردووە.
بەڵگەنامەکە هەروەها دەستنیشانی دەکات کە لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا پشتیوانییەکی یەکلاکەرەوە بۆ بەرگری لە ئیسرائیلیان دابین کردووە و ئەم پشتیوانییە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سەرکەوتنە ستراتێژییەکانی ئیسرائیل هەبووە.
بەپێی ئەم هەڵسەنگاندنە، ڕێژیمی ئێران لە لاوازترین بارودۆخی خۆی لە چەند دەیەی ڕابردوودایە.
لە بەشێکی دیکەدا، بەڵگەنامەی ئەمنییەتی بەرگریی ئامریکا باسی لاوازبوونی زۆری بەرەی موقاومەتی ڕێژیمی ئێران دەکات.
لەو چوارچێوەدا، حیزبوڵڵا و حەماس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بەتوندی تێکشکاون و هەروەها باس کراوە کە بە وتەی ئەمریکا، هێرشەکانی حوسییەکان لەسەر کشتییە ئەمریکییەکانی بە ئۆپەراسیۆنی تایبەت ڕاگیراون.
لە کۆتایی بەشەکانی پەیوەندیدار بە ئێراندا هۆشداریی دراوە کە تاران سەرەڕای شکەستەکانی ئەو دواییە، هێشتا خەریکی نۆژەنکردنەوەی هێزەکانی خۆیەتی و ڕێبەرانی ڕێژیم ئەگەری هەوڵ بۆ دەستپێڕاگەیشتنی دووبارە بۆ چەکی ناوکییان ڕەت نەکردووەتەوە.
بەڵگەنامەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی هێشتا هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و جەخت کراوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە خوێنی ئەمریکاییەکان سوورە و هێشتا بەدوای لەناوبردنی ئیسرائیلە و لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکانی خۆیەوە ناوچە تووشی قەیران دەکات و بەربەستی سەرەکی بۆ سەقامگیری و گەشانەوەی ئابوورییە.
لە کۆبەندی ئەو بەڵگەنامەیەدا هاتووە کە ستراتێژی واشنگتۆن لەسەر سپاردنی ئەرکی سەرەکیی پێشگرتن و بەرگری لە هاوپەیمانانی ناوچەیی لە بەرامبەر ئێران بەردەوام دەبێت.