بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی ئیسرائیل، ڕێژەی سەربازانی ئەمریکایی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا بە شێوەی بەرچاو زیادی کردووە و ئەو ڕێژەیەش لە دوای هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا بێوێنەیە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی بنکەی ڕادیۆ و تلویزیۆنی ئیسرائیل، ئەو جووڵە سەربازییانەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ دووهەمین سەردانی فەرماندەی ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سێنتکام بۆ تێلاڤیڤ.
هەر لەو پێوەندییەدا بنکەی ڕادیۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ناوەندە بەرگریکارەکانی ئیسرائیل لەو بڕوایەدان کە بوونی ئەو هێزانەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، دەتوانێت ببێتە هەلێک بۆ هێرشی بەربڵاوی ئەمریکا بە مەبەستی ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی زۆربوونی ڕێژەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بەو هەوڵە سەربازییانەی ئەمریکا بە هەواڵدەریی ڕویتێرزی ڕاگەیاند کە ئێران لە دۆخی ئامادەباشیی تەواودایە.
هەر لەو پێوەندییەدا، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە ئیسرائیل لە هەوڵی هێرش بۆ سەر تاراندایە.
پێشتر دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا هەڕەشەی لە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردبوو کە ئەگەر دژی خۆپیشاندەران توندوتیژی بەکار ببەن و لەو هەوڵسوکەوتە نامرۆڤانەیە بەردەوام بن، هێرشی بەربڵاو دەکاتە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.