
برایم چووکەڵی
گیانی من قوربانی تۆ بێ جا بڵیندە گەردنم
نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم...
هەگبەی "شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیە تایبەتە بە یادی فەرماندە عوسمان دادخا. عوسمان دادخا هەرجار چووبایە گوندەکان لاوانی له ده‌وری خۆی کۆ ده‌کرده‌وه‌و قسەی بۆ دەکردن. ئەو ده‌یگوت" غه‌درلێكراوانی گۆی زه‌وی له ڕه‌وتی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا لە پێناوی دابینكردنی ژیانێكی خۆش بۆ خۆیان و گەیشتن بە ئامانجه پیرۆزەکانیان واته ڕزگاریی نیشتمان و دابینبوونی ئازادی و به ئازادی ژیان، باشترین ڕۆڵه‌كانی خۆیان كردۆته قوربانی. ئەو دەیگوت ئه‌گه‌ر گه‌لانی به ئاوات گه‌یشتوو شانازی به ڕابردوو و مێژووی خه‌باتی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن و هەست بە سه‌ربه‌رزی و سه‌رفرازی دەکەن له سایه‌ی فیداكاری و خۆبه‌ختكردنی ئه‌و مرۆڤه نه‌مرانه‌وه‌یه. هه‌ر بۆیه‌ش عوسمان قۆڵی لی هه‌ڵماڵیبوو که وڵاتێکی ئازادی هه‌بێ و لەم ڕێگایەشدا یا سه‌ر ده‌که‌وێ یا سه‌رداده‌نێ.
عوسمان دادخا ساڵی ١٣٣٩‌ی هه‌تاوی له بنه‌ماڵه‌یه‌كی وه‌رزێڕ و زه‌حمه‌تكێشی گوندی عه‌مبار سەر بە ناوچه‌ی" ئه‌حمه‌دی كۆڕی" بۆکان له‌دایك بوو. پۆله‌كانی سه‌ره‌تایی خوێندنی به سه‌ركه‌وتوویی بڕی و بۆ دریژه‌دانی خوێندنهەتا وەرگرتنی دیپڵۆم ڕه‌وانه‌ی شاری بۆكان كرا. كاتێك خۆپیشاندانه‌كانی لە دژی ڕێژیمی پاشایه‌تی ده‌ستی پێكرد عوسمان به چاو و گوێی كراوه‌وه له خۆپێشاندانه‌كانی ساڵی ١٣٥٧دا به‌شداریی كرد.
به ئاشكرابوونی تێكۆشانی حیزبی دێموكرات عوسمان لە یه‌كیه‌تیی لاوانی دێموكرات‌دا خۆی دیتەوە و له زۆربه‌ی مه‌ئموورییه‌ته‌كانی یەکیەتیی لاوان‌دا به‌شداریی كرد. لە ماوەیەکی کورت‌دا ئەوەندەی لێهاتوویی و دڵسۆزی لە خۆی نیشان دا که بتوانێ ساڵی ١٣٥٩ له کۆنفرانسی کومیته شارستان به ئه‌ندامی کومیته شارستان هه‌ڵبژێردرێ و دوای هەڵبژێرانی له به‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی کاری پێ بسپێردرێ. له‌و ماوه‌یه‌دا که بۆکان له ده‌ستی هێزەی پێشمەر‌گه‌دا بوو، عوسمان به‌وپه‌ڕی تواناوه گیروگرفتەکانی خه‌ڵکی چاره‌سه‌ر ده‌کرد. هەر بۆیە لەم بوارەشدا توانی متمانە و ڕێز و خۆشه‌ویستیی خەڵک و هاوڕێیانی بۆ لای خۆی ڕاکێشێ. هەروەها ئه‌گه‌رچی عوسمان کادری سیاسی بوو، به‌ڵام هه‌رکات شه‌ڕ له نێوان هێزی ڕێژیم و پێشمه‌رگه‌دا ڕووی ده‌دا زۆر زوو خۆی ده‌گه‌یانده به‌ره‌کانی شه‌ڕ و شانبه‌شانی پێشمه‌رگه شه‌ڕی ده‌کرد. هەست کردن بە مەسئولییەت، بردنەسەری ئاگای سیاسی، خاکی وخەڵکی بوون، بوێری و سەراحەت قسەکردن، لەسەرەخۆ و بەئەخڵاق، فیربوون و فێرکردن لە تایبەتمەندییەکانی ناوبراو بوو.
به ده‌ستپێكردنی هێرش بۆ سەر شاری بۆکان له‌سه‌ر داخوازی خۆی چووه نێو هێزی پێشمه‌رگه و له هێزی به‌یاندا سازمان درا و له شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌دا به‌شداریی چالاكانه‌ی كرد. ئه‌و هه‌میشه له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه دابوو. ئازایه‌تی و فیداكاری عوسمان بوو به هۆی ئه‌وه سەرەتا وه‌ك سه‌رپه‌ل دیاری بكرێ و به سه‌رپه‌لیی عوسمان چه‌ندین عه‌مه‌لیاتی قاره‌مانانه له ناوچه‌ی بۆكان به‌ڕێوه چوو هەتا ئەو ئاستەی کە بە فه‌رمانده‌ری لكی ٣‌ی هێزی به‌یان دیاری بكرێ. ئه‌و له شكاندنی ستوونی ٨٠١‌ی شیراز، شه‌ڕه حه‌ماسیه‌كانی نێو شاری بۆكان، شه‌ڕی جاده‌ی بۆكان ـ مه‌هاباد، جاده‌ی سه‌قز ـ بۆكان، گرتنی مۆڵگه‌ی قۆچاغ و شه‌ڕی شاریكه‌ند و چه‌ندین شه‌ڕی گه‌وره و بچووكی دیكه‌دا ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو. له‌شه‌ر له‌گه‌ڵ دوژمن چه‌ند جار بریندار بوو به تایبه‌تی له نێو شاری بۆکان که برینداریش بوو ئازایه‌تی ناوبراو هیچکات له‌بیر ناچێته‌وه.
عوسمان دادخا له به‌هاری ١٣٦٢دا بوو به جێگری هێزی هه‌ژار سه‌ر به ده‌فته‌ری سیاسی. ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیمۆکرات به‌و ناسینەوە لە عوسمان دادخای هەبوو، دوای شەهیدبوونی فەرماندەری قارەمان ئێقباڵی که‌رێم‌نه‌ژاد ئەوی بە فەرماندەری هێزی شەریفزادە دیاری کرد و عوسمان به‌ره‌و ناوچه‌ی سنه وه‌رێ که‌وت. عوسمان بە ئاواتەوە بوو لەو مەیدانە نوێیەشدا لێهاتوویی و قارەمانەتیی خۆی نیشان بداتەوە، بەڵام به‌داخه‌وه ئەو دەرفەتەی دەست نەکەوت و تازه دوو مانگ له تێکۆشانی عوسمان دادخا له هێزی شه‌ریفزاده تێده‌په‌ڕی که تێکه‌ڵ به کاروانی شه‌هیدانی کور‌دستان بوو.
ڕۆژی ١٨ی خه‌زه‌ڵوه‌ر عوسمان دادخا له‌گه‌ل 6 که‌س له هاوسه‌نگه‌رانی بۆ شناسایی پێگه و دامه‌زراوه‌کانی ڕێژیم ده‌چنه ناوچه‌ی حوسێناوا‌ی سنه. له گه‌ڕانه‌وه‌دا شه‌و‌یان به‌سه‌ردا دێ و له گوندی "کێله‌چه‌رموو" ده‌مێننه‌وه. به‌داخه‌وه به هۆی خۆفرۆشانەوە دوژمن پێیان دەزانێ و سه‌عات ٣‌ی نیوه‌شه‌و ده‌وری ئه‌و گونده و به‌تایبه‌تی شوێنی مانه‌وه‌یان ده‌ده‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌دیلیان بگرن. به‌ڵام ئه‌وان کە لە مەکتەبی دێموکرات‌دا فێری خۆڕاگری بوون، کەرامەتی شۆڕشگێڕییان بە هیچ نەگۆڕیەوە، بۆیه سه‌نگه‌ریان له دوژمن گرت و کەوتنە شه‌ڕێکی نابه‌رانبه‌ر لەگەڵیان. پاش سه‌عات و نیوێک شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه به‌داخه‌وه عوسمان دادخا (فەرماندەری هێز) له‌گه‌ڵ 6 هاو‌سه‌نگه‌ری دیکه‌ی به ناوه‌کانی سه‌ید ئه‌میری عه‌بدی (فه‌رمانده لک)، محەممەد ڕه‌حیمی (جێگری لک)، سه‌ید خالید حوسیێنی (سه‌رپه‌ل)، سمایل ناسری (پێشمه‌رگه‌ی ئه‌رکانی هێز)، وه‌ستا ساڵح ناسری (پێشمه‌رگه)، محه‌ممه‌د ساڵح ته‌هماسبی (پیشمه‌رگه) شه‌هید بوون و ڕێگای خه‌باتیان به هاوسه‌نگه‌رانیان سپارد.
هەرچەند شەهیدبوونی داوابەدوای دوو فه‌رمانده‌ر له ماوه‌ی سێ مانگدا بۆ پێشمەرگەکانی هێزی شەریفزادە داخێکی زۆر گران بوو، بەڵام پێشمه‌رگەکانی ناوچه‌ی سنه نه‌ک وه‌ره‌یان به‌رنه‌دا، به‌ڵکوو چه‌ندین عه‌مه‌لیاتی ئازایانه‌یان به یادی ئه‌وان به‌رێوه برد و یادی فه‌رمانده شه‌هیده‌کانیان هه‌میشه زیندوو ڕاگرت.