کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیڤی ژن لە "کوردستان"

10:06 - 5 رێبەندان 2725

ئاسۆ مینبەری

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک حیزبێکی مۆدێڕن بە درێژایی مێژووی خۆی گرنگیی تایبەتی بە پرسی ژنان داوە و بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی داوە لە چوارچێوەی بەرنامە و دیسکۆرسی خۆیدا، پێناسە بۆ ژنان، ئەرک و مافەکانیان و هەروەها ڕۆڵ و پێگەیان لە خەباتی ڕزگاریخوازیدا بکات.

باسکردن لە قۆناغە مێژووییەکان بۆ سەلماندنی ئەم بایەخدانە بابەتێکە بە چاوخشاندنێک بەسەر مێژووی حیزبی دێموکرات و ئەو بەڵگە و دێکۆمێنتانەی کە لە ماڵپەڕ و مێدیای ئەم حیزبەدا هەن و ئارشیڤ کراون بە ڕوونی دەردەکەوێ. هەر لە سەرەتای دامەزرانی ئەم حیزبەوە پرسی ژنان لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەم حیزبەدا گرنگیی پێ دراوە و دەرفەت بۆ بەشداری و وەئەستۆگرتنی ئەرک لە لایەن ژنانەوە و لە ڕاستای ئامانج و دوورەدیمەنی ئەم حیزبە بۆ داهاتووی کوردستان ڕەخساوە.

ژنان لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ئەم حیزبەدا و بەپێی هەلومەرجی زاڵ بەسەر ژینگەی خەباتەکەدا، ڕۆڵی جیاواز و گرنگیان گێڕاوە؛ لە هەندێ قۆناغدا چەکیان لە شان کردوە و لە سەنگەردا پارێزگارییان لە خاک و نیشتمان کردوە و لە هەندێ قۆناغیشدا، پاڵپشتێکی قایمی سەنگەر بۆ خەباتکاران و پێشمەرگەکانی حیزب بوون، لە هەندێ قۆناغدا خەباتی ژنان تەنیا لە چوارچێوەی خەباتی چەکداریدا مانا کراوەتەوە و لە هەندێ قۆناغیشدا ئەم خەباتە چووەتە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی و ڕۆشنبیرییەوە و هەندێ جاریش شێوازەکانی خەبات بە تێکەڵاوی بۆ ژنان بەرەوپێش چووە.

بە دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢٠ی بەفرانباری ١٣٢٤ی هەتاوییەوە و پاشان دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ٢ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا، خەبات و تێکۆشانی ژنان قۆناغێکی نوێی بەخۆیەوە بینی.

ژنان لەم قۆناغە نوێیەدا، سەرەتا خۆیان لە چوارچێوەی یەکیەتیی ژناندا بینییەوە و دواتر ئەم ڕێکخراوەیە بوو بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی کە ژنان هەنگاوی گەورەتر بۆ گەشەکردن و پێگەیشتن لە گۆڕەپانی خەباتەکەدا هەڵبگرن. لەو سەردەمەدا کە ئاستی خوێندەواریی ژنان زۆر زۆر نزم بوو، ڕۆژنامەی کوردستان توانی ببێتە سەکۆیەک بۆ ئەو ژنانەی کە توانیبوویان لەو سەردەمە تاریکەدا کە بەسەر ژناندا زاڵ بوو، خۆیان ببیننەوە و بە نووسین و هاوکاریکردن لە ڕۆژنامەی کوردستاندا، دەنگی خۆیان بە ژنان و بەتایبەتیش بە کۆمەڵگەی نەریتی و نەخوێندەواری ئەو کات بگەیەنن. بۆیە جێگای خۆیەتی کە یادێک لە یای کوبرا عەزیمی بکرێتەوە کە وەکوو یەکەمین ژن لە ڕۆژنامەی کوردستاندا، بە دەستبردن بۆ قەڵەم پێگەی بۆ ژنان دیاری کرد و بوو بە سەرباشقەیەک بۆ ژنانی ڕزگاریخوازی دوای خۆی.

لە قۆناغەکانی دواتری خەباتی حیزبی دێموکراتدا، ڕۆژنامەی کوردستان وەک زمانحاڵی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ هەموو ڕووداو و بڕگە مێژووییەکان، لەگەڵ هەموو کەند و کۆسپ و هەوراز و نشێوەکانی سەر ڕێگای خەبات، هەم نوێنگەیەک بۆ باسکردن لە پرسی نەتەوایەتی بوو و هەم باشترین سەکۆ بۆ هێنانەگۆڕێی پرسەکانی تایبەت بە ژنان. لە ٨٠ ساڵی ڕابردوودا، بە سەدان پرس و بابەتی جیاواز سەبارەت بە دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو ستەم و نایەکسانییەی کە ژنان لە لایەن دەسەڵاتە پاوانخوازەکانەوە بەرەوڕووی بوونەتەوە لە "کوردستان"ـەوە و بە قەڵەمی ژنانی تێکۆشەری کوردستان بە گوێی خەڵک گەیشتوون و باسیان لێ کراوە.

لە درێژەی هەمان ڕێچکەی پیرۆزدا، لە ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاویدا و لە حەفتاوچوارەمین ساڵوەگەڕی دەرچوونی ئەم ڕۆژنامەیەدا، ستوونی "وێستگە" بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە پرسەکانی ژنان لە ڕۆژنامەی کوردستان دەستی بەکار کرد. یەکەمین وتاری وێستگە، بە ئاوڕدانەوەیەک لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ و گرنگیی ڕۆڵی ژنان لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا و لەژێر ناوی "ژنان قورسایی بە جووڵانەوە دەبەخشن" بڵاو کرایەوە. لەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستاندا و لە ٨٠ ساڵەی دەرچوونیدا، سەد و چلەمین ژمارەی وێستگە بڵاو دەکرێتەوە. لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا وێستگە هەوڵی داوە هەموو پرسە پێوەندیدارەکان بە ژنان و بەتایبەتیش نوێترین ڕووداو و پێشهاتەکان بخاتە بەر باس. لە یاسا دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، هەتا ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ڕووداوە مێژووسازەکانی شۆڕشی ژینا، قارەمانەتیی ژنان و کچانی نیشتمان وەک زارا محەممەدی و موژگان کاوسی و ژینا مودەڕس گورجی، هەتا قوربانیبوونی ژنان بە دەستی سیستەمی ئیدئۆلۆژیکی پیاوسالار و بە سەدان بابەتی دیکە.

لە هەموو وتارەکانی وێستگەدا هەوڵ دراوە وەک لە دیسکۆرسی حیزبی دێموکراتدا جەختی لەسەر دەکرێتەوە، باس لە پرسەکانی یەکسانی و دادپەروەری و پاراستنی کەرامەتی ژنان و ڕەچاوکردنی مافەکانیان وەکوو بەشێکی سەرەکی و گرنگ لە کۆمەڵگە بکرێتەوە. وێستگە هاوکات لەگەڵ باسکردن لە ئازارەکانی ژنان، هەوڵی داوە دڕ بە تارماییەکان بدات و زۆرجار بە دروستکردنی پرسیار بۆ خوێنەر، زیاتر بیخاتە نێو دەریای قووڵی زانینەوە.

 "کوردستان" و "وێستگە" لەم ساڵانەدا هەوڵیان داوە، سەکۆیەک بۆ گەیاندنی دەنگی ژنان بن و بێگومان ئەم ئەرکە قورسە لە قۆناغەکانی دواتری خەباتیشدا هەر بەردەوامە و ئەوە دەخوازێ کە ژنانی ڕۆشنبیر و ئاگا و وشیاری کۆمەڵگە، "کوردستان" وەک پێگەیەک بۆ گەیاندنی دەنگی هەقبێژیی خۆیان بەرانبەر بە کۆمەڵگە ببینن.