کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەسیج ئامرازی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتی خوێناوی خۆپیشاندانەکانە

10:29 - 5 رێبەندان 2725

ڕۆژنامەی "واشنگتۆن‌پۆست" لە ڕاپۆرتێکدا، بەسیجی سەر بە سپای پاسدارانی وەکوو ناوەندی سەرەکیی سەرکوتی خوێناویی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران ناساندووە.

ئەم ڕاپۆرتە ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان بڵاو بووەتەوە و پشت بە بەڵگە کۆکراوەکان لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەوانان و وێنە ماهوارەییەکان دەبەستێت، لەکاتێکدا کە ڕێژیمی ئێران بە پچڕاندنی ئینتێرنێت، لە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکاندایە.

واشنگتۆن‌پۆست دەنووسێت هێزە ئەمنییەتییەکان بە تایبەتی بەسیج، شێوازەکانی وەک تەقەکردن لەسەر بانەکان، تەقە بە چەکی ساچمەیی بۆ ناو خەڵک و ناردنی هێزی ماتۆرسوار بۆ لێدان و دەسبەسەرکردنی خۆپیشاندەران بەکار هێناون، بەڵام ئەمجارە لە ئاستێکی بێ‌وێنەدا جێبەجێ کراون.

واشنگتۆن پۆست ڕۆڵی بەسیج لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان زۆر گرینگ دەزانێت و نووسی کە بەسیج وەکوو لقی خۆبەخشی سپای پاسداران یەکێک لە گرینگترین ئامرازەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکشکاندنی خۆپێشاندانەکان دێتە ئەژمار.

لەو ڕاپۆرتە هاتووە کە هێزەکانی بەسیج بە چەکی گەرمی لوولەدرێژ، باتوم و چەکی ساچمەیی و هێزە ئەمنییەتییەکانیش بە چەکی جەنگی لە سەرکوتی بەرفراوانی خۆپێشاندانەکان ڕۆڵیان هەبووە.

ئەو ڕۆژنامەیە زیادی کرد کە بەپێی بەڵگەکان و سەرەڕای ڕەتکردنەوە لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، وێنە و بەڵگەکان دەرخەری ئەوەن کە هێزە ئەمنییەتییەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کردووە.

واشنگتۆن پۆست جەختی کردەوە کە هەرچەند ئاماری گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران هەمیشە دەسکاری دەکرێت، بەڵام ئەوەیکە ڕێژیم دانی بە ئامارێک زیاتر لە سەرکوتی هەموو سەرکوتەکانی دەیەکانی ڕابردوو داناوە، سەلمێنەری ئاستی بێوێنەی کوشتارە.

ئەم ڕاپۆرتە لە کۆتایی هۆشداری دەدات کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی چلەی قوربانییان، ئەگەری هەڵگیرسانەوەی دووبارەی خۆپێشاندان و توندبوونەوەی سەرکوت هەیە؛ ڕێوشۆنێک کە دەتوانێت بازنەی توندوتیژی و کوشتار لە ئێران قووڵتر بکات.