کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەر ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندەران لە سێدارە بدات، هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن

10:37 - 5 رێبەندان 2725

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی لەگەڵ ڕەتکردنەوەی قسەکانی دادستانی گشتیی کۆماری ئیسلامی، بە نیسبەت توندوتیژی و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران هۆشداریی بە ئێران دا و ڕایگەیاند کە هەموو بژاردەکان دژ بە ڕێژیمی ئێران لەبەرچاو دەگرن.

ئەم بەرپرسەی ئەمریکا کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕۆژی هەینی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتێدپرێس" پشتڕاستی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ لە نزیکەوە چاوەدێریی بارودۆخی ئێران دەکات و وتی: "ئەگەر ڕێژیمی ئێران خۆپێشاندەران لە سێدارە بدات، هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن".

ناوبراو، قسەکانی محەممەد موەحێدی ئازاد، دادستانی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ڕەت کردەوە  کە وتبووی هۆشدارییەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا هیچ کاریگەرییان لەسەر وەستاندنی لەسێدارەدانی ٨٣٧ کەس لە ئێران نەبووە.

دۆناڵد ترامپ لە کاتی گەڕانەوەی لە کۆبوونەوەی داڤۆسی سوییس ڕایگەیاند کە هۆشداریی ئەو توانی پێش بە لەسێدارەدانی ٨٣٧ نەفەر کە زۆربەیان گەنج بوون بگرێت.

ترامپ بە شێوەیەکی توند هۆشداریی دا کە هەر هەنگاوێکی هاوشێوە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بە وڵامێکی زۆر توندتر لە ڕابردوو ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

ناوبراو پێشتریش ڕایگەیاند کە هێزێکی زەبەندی دەریایی ئەمریکا بەرەو ئێران لە ڕێگادایە و زیادی کرد کە "ئێمە چاوەدێری ئێران دەکەین و ناوگانێکی گەورە بەڕێوەن و دەبینین کە چی ڕوو دەدات".

ئەم هەڵوێست و قسانە لەکاتێکدایە کە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییان و دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندان دژ بە ڕێژیمی ئێران لە ژێر سانسۆڕ و پچڕاندنی ئینتەرنێت هێشتا ناڕوونە و بەپێی ڕابردووی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتی دڕەندانەی دژبەرانی خۆی، گیانی هەزاران کەس لە دەسبەسەرکراوان لەژێر مەترسیدایە.