کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان بەرز ڕاگیرا

11:52 - 5 رێبەندان 2725

ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ڕێوڕەسمێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ریزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

شەماڵ تەرغیبی، پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکەوە، بە ناوی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمی ۲ی ڕێبەندانەوە بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد.

لە بڕگەی دواتردا، پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن بەڕێز مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.

دواتر سروودێک لەژێر ناوی "نیگای ئاوەدانی وڵات" هۆنراوەی شاعیر ڕابوون ڕۆژهەڵات لەلایەن کۆرسی کۆڕی هونەریی حیزبەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

بڕگەی دواتر تەرخان کرابو بۆ نمایشکردنی دێکۆمێنتاری کۆماری کوردستان و دوای ئەوەش محەممەدڕەزا سەیفی قازی نەوەی پێشەوا قازی، وتارێکی پێشکەش کرد.

سروودی "تا بەکەی" لە هۆنراوەی شەهید ئەحمەد قادری و لەلایەن هونەرمەندی لاو ڕێبوار حەسەنییەوە پیشکەش کرا و لە بڕگەی دواتردا، پەیامی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن بانە عەزیزی جێگری سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتەوە خوێندرایەوە.

لە بەشی دواتردا سروودی "گەرچی زستان بوو" لە هۆنراوەی شەهید ئەحمەد قادری لەلایەن کۆرسی کۆڕی هونەرییەوە پێشکەش کرا.

کۆمەڵێک پەیامی پیرۆزبایی پێشکەشی ڕێوڕەسمەکە کرابوون کە بریتی بوون لە: یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان، سەرۆکی گشتیی پارتی ماف و ئازادی، یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران چەپکەگوڵێکیان بۆ ڕێوڕەسمەکە ناردبوو.