هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران و پچڕاندنی ئینتێرنێت و سنووردارکردنی توندی زانیاری، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لانیکەم ٩ زیندانی لە زیندانە جیاوازەکانی ئێران لە سێدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ئەو حوکمانە لە زیندانەکانی خوڕەماوا، کەرەج، ئەلیگودەرز، دێزفوول، هەمەدان، یاسووج، کرماشان، نەهاوەند و سنە جێبەجێ کراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو ٩ کەسە پێشتر لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە بە تاوانی "کوشتن" بە سێدارە مەحکوم کرابوون.
تا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو ٩ کەسە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەکان و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمە بڵاو نەکراونەتەوە.
بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی بەرفراوانی سزاکانی سێدارە لە بارودۆخی بڕینی ئینتێرنێت و سنووردارکردنی توندی زانیاری، نیگەرانییەکانی لەسەر نەبوونی ڕوونی و ئاشکرایی لە سیستەمی دادگایی، بێبەریکردنی زیندانییان لە دادگای دادپەروەرانە و بەرزبوونی مەترسیی پێشێلکردنی مافی ژیان، زیاتر کردووە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشتر چەندین جار هۆشداریان داوە کە جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لە کەشێکی ئەمنییەتی و ناڕوون، ئەگەری ڕوودانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ زیاد دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ماوەی نێوان یەکەمی ژانویەی ٢٠٢٥ تا یەکەمی ژانویەی ٢٠٢٦ زایینی، لانیکەم ٢٠٦٣ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٤، زیادبوونی ١١٩ دەرسەدی نیشان دەدات.