کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتاری بێوێنەی خۆپیشاندەران و جیاوازیی قووڵ لە نێوان ئامارەکان

10:06 - 6 رێبەندان 2725

گۆڤاری ئەمریکایی "تایم" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە بە وتەی دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامی، لەوانەیە تا ٣٠ هەزار کەس تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژی ١٨ و ١٩ی مانگی بەفرانبار‌دا لە شەقامەکانی شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران کوژراون.

ئەم سەرچاوانە وتوویانە ئاستی سەرکوتی خۆپیشاندەران لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی مانگی بەفرانبار هێندە فراوان بووە کە پاشەکەوتی "کاوەری تەرم" لە ئێراندا تەواو بووە و ماشینە بارهەڵگرە گەورەکان بوونەتە جێگرەوەی ئامبوڵانسەکان.

ڕاپۆرتی تایم جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای بڕینی تەواوی ئینتێرنێت لەم ماوەیەدا، هەواڵەکانی ئەم کوشتارە بە هێواشی و لە ڕێگەی ئینتێرنێتی ماهوارەیی "ستارلینک" بۆ دەرەوە نێردراون.

ئەم ڕاپۆرتە لەکاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێژیم، ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان تەنیا ٣ هەزار و ١١٧ کەس ڕاگەیاندووە کە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە.

پێشتر، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕاپۆرتێری تایبەتی ئەم دامەزراوە بۆ کاروباری ئێران، ژمارەی قوربانیانی بە زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس هەڵسەنگاندبوو.

هەروەها لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختی کردووەتەوە کە کوشتاری خۆپیشاندەران لە ئاستێکی بێوێنە و و بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی گەرم و ساچمەی ئاسن ئەنجام دراوە و زۆرێک لە قوربانییان لە شەقامەکان و بەهۆی دەستپێڕانەگەیشتن بە دەرمان گیانی خۆیان لەدەست داوە.