بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیم لە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، نرخی هەڵاوسانی ساڵانەی خاڵبهخاڵ لە مانگی بەفرانباردا گەیشتە ئاستێکی کەموێنەی ٦٠ لەسەد کە بەراورد بە مانگی پێشوو ٧.٤ یەکەی لەسەدی زیاد کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەڵاوسانی خاڵبهخاڵی خواردنەوەکان و خواردنەکان لە مانگی ڕابردوودا ٨٩.٩ لەسەد تۆمار کراوە کە ڕاستەوخۆ ژیانی چینە هەژارەکانی خستووەتە مەترسییەوە.
میدیاکان دەڵێن بەشێک لەم هەڵاوسانە سەرسامهێنەرە ئەنجامی لابردنی ئەرزی تەرجیحییە کە دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیان پێشتر کاریگەرییەکانی ڕەت دەکردەوە، بەڵام ئێستا بەو هۆیەوە ملیۆنان بنەماڵە توانای دابینکردنی کەلوپەلی پێویستی ژیانیان نەماوە.
ناوەندی ئامار هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانە ٧.٩ لەسەد بووە. هەڵاوسانی مانگانە بۆ گرووپی سەرەکیی "خواردنەوەکان، خواردنەکان و تووتن" ١٣.٧ لەسەد و بۆ گرووپی سەرەکیی "کاڵا ناخواردەمەنییەکان و خزمەتگوزارییەکان" ٤.٤ لەسەد ڕاگەیاندراوە.
لە ئەم ڕاپۆرتەدا هەروەها نرخی هەڵاوسانی ساڵانە ٤٤.٦ لەسەد دیاریکراوە کە بەراورد بە مانگی سەرماوەز، ٢.٤ یەکەی لەسەدی زیادی کردووە.
شایەنی باسە کە هەژاری، گرانی، هەڵاوسانی سەرسووڕهێنەر و گەندەڵیی بەربڵاوی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و نەڕەزایەتیی سەرتاسەرییەکانی ئەو ماوەیەش لە کێشەکانی ئابووری و بژێو دەستیان پێ کرد و دوایی ئاراستەکەی بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئێران گۆڕدرا.