
کوێستان نستانی
د. هۆشمەند عەلی
(ڕۆڵ و به‌شداریی ژنان له حیزبی دێموكرات له نێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٩٠، بەشی سێهەم و دەرەنجام)
ده‌توانین بڵێین ژنان له ڕیزه‌كانی حیزبی دێموكرات‌دا هاوشانی پیاوان له چالاكییه چه‌كدارییه‌كان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان له به‌ره‌كانی شه‌ڕدا به‌شدار بوون و چه‌ندین ژنیش گیانیان سپاردووه. بێجگه له بواری سیاسی و چه‌كداری، له بواری ته‌ندروستیش ڕۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بووه. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه حیزبی دێموكرات گرنگیی زۆری داوه به دامه‌زراندنی نه‌خۆشخانه و بواری ته‌ندروستی و پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌ش به پێداویستییه‌كی زۆر كه‌می پزیشكییه‌وه چه‌ندین نه‌شته‌رگه‌ریی جۆراوجۆر و قورسیان بۆ بریندار و نه‌خۆشه‌كان ئه‌نجام داوه (به‌ڵگه‌نامه‌ی كۆنگره‌كانی حیزبی دێموكرات له كۆنگره‌ی ١-٩، ب١، ١٩٩). هه‌ر له‌و باره‌وه ماپه‌ره قه‌ره‌گۆلی ده‌ڵێ: "ژنان لە سەنگەرەکاندا و لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستیدا زۆر چالاک بوون. منیش پێشتر لە پشووی هاوینی ساڵی ١٩٧٨دا لە نەخۆشخانەی پیرانشار دەورەی دەرمانیم بینیبوو، کاتێک شاری شنۆش لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوو لە نەخۆشخانەی ئەو شارە دەورەی مامایم بینی، کە لە لایەن چەند دوکتورێکی فەڕەنسیی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ‌سنوور دانرابوو. لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ بەشداربوون لە دەورەیەکی پەرستاری بۆ ماوەی شەش مانگ ڕوومان لە وڵاتی فەڕانسە کرد. دوای گەڕانەوەمان بۆ کوردستان لە نەخۆشخانەی شۆڕش كارم كردوه. له قه‌ندیلیش له‌گه‌ڵ هاوڕێ ئیسماعیلی له به‌شی مامانی هاوكاریی یه‌كتری بووین" (قه‌ره‌گۆلی، سۆئێد له ڕێگه‌ی واتس‌اپ، ٢٣/٦/٢٠٢٤). هه‌روه‌ها هاوڕێ ئیسماعیلی ده‌ڵێ: "كاتێك له بواری ته‌ندروستی كارم كردوه له سه‌ره‌تادا ڕێگری هه‌بوو، هه‌رچه‌نده به بواری لێكۆڵینه‌وه‌شدا تێپه‌ڕیبووم، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی تازه هاتبوومه ناو حیزب و (حیجابیش) بووم، ته‌نانه‌ت تۆزێک لێم به‌گومان بوون. دواتر له ڕێگه‌ی دوكتور (مراد) دوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد و پرسیاركردن له (عه‌زیم ئه‌فسه‌ر) كه به‌رپرسی لاوان بوو، نامه‌یه‌كی بۆ نووسیم و چووم بۆ نه‌خۆشخانه و ده‌ستم به كاری ده‌رمانی له به‌شێک كه پێیان ده‌گوت ئۆرژانس (ته‌واری) كرد. دواتر به‌هۆی تۆپبارانكردنی نه‌خۆشخانه‌ی حیزب له (كانیه زه‌رد) له ساڵی ١٩٨٤ هاتینه (دۆڵی كانیه ڕه‌ش)، ئه‌وه‌ی له بیرم ناچێته‌وه ئه‌و شه‌وه ژنێكی دووگیانیان هێنا و دوای له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌ی ناچار هه‌ر به‌یانی به‌ڕێمان كرده‌وه. ئێمه‌ی ژنانی پێشمه‌رگه له بواری ته‌ندروستی چه‌ند ژن و كچێک بووین وه‌ك: (ماپه‌ره قه‌ره‌گۆلی، نه‌سرین سۆفی زاده، شه‌هلا سۆفی زاده و داگوڵ كچی ڕه‌حمان سوور). له ساڵی ١٩٨٤ جارێكی دیكه نه‌خۆشخانه‌ی حیزب تۆپباران كرا و هاتینه باشووری كوردستان و دوای جێهێشتنی نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌هۆی فشاره‌كانی ڕێژیم، هه‌رچه‌نده نه‌مانتوانی ته‌واوی كه‌لوپه‌له‌كان بێنین، به هێنانی چه‌ند كه‌لوپه‌لێكی كه‌می بواری ته‌ندروستی هاتینه (كارێزه) له شاری (سلێمانی)، له‌وێ خوێندنگایه‌كی چۆڵمان ئاوه‌دان كرده‌وه و به‌شه‌كانی نه‌خۆشخانه‌مان له‌وێ دانا. دیاره ئه‌و نه‌خۆشخانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هی حیزبی دێموكرات بوو، به‌ڵام زۆربه‌ی جار به‌نهێنی پێشمه‌رگه‌كانی باشووری كوردستان‌مان لێ چاره‌سه‌ر ده‌كردن و ته‌نانه‌ت زۆرجار به‌عسییه‌كان ده‌هاتن پشكنینیان ده‌كرد، به‌ڵام هیچ جارێک پێشمه‌رگه‌یه‌كی باشووریان له‌و نه‌خۆشخانه‌یه ده‌ست نه‌كه‌وت. بۆ ماوه‌ی ٣ ساڵ له ناوچه‌ی كارێزه ماینه‌وه. ساڵی ١٩٨٧ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به حیزبی دێموكرات له لایه‌ن ڕێكخراوێكی فه‌ڕه‌نسی به ناوی (ئامی و میدیسۆن) دروست كرا، بۆیه له كارێزه گواستمانه‌وه بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه. من كه‌وتمه به‌شی زایمان و له‌وێ له لایه‌ن دوكتوره فه‌ڕه‌نسییه‌كان زۆر هاوكاری ده‌كرام بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركه‌كه‌م له بواری زایمانی. ئه‌مه سه‌ره‌تای كاركردنم بوو له به‌شی زایمانی و له‌گه‌ڵ خه‌دیجه ڕۆسته‌می و ماپه‌ره قه‌ره‌گۆلی له قه‌ندیل به‌یه‌كه‌وه له بواری مامانی و له‌دایكبوون كارمان كردوه" (ئیسماعیلی، كۆیه، ٢٣/٦/٢٠٢٤). ئه‌وه‌ی جێگای بایه‌خه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بارودۆخانه‌شدا یه‌كێكی دیكه له‌و بوارانه‌ی ژنان له‌نێو حیزبی دێموكرات‌دا نه‌خش و ڕۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بووه، بواری په‌روه‌رده و فێركردن بووه، كه هاوكات له‌گه‌ڵ درێژه‌دان به سیاسه‌تی شه‌ڕ و داگیركردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی كوردستان له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێران له ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨١دا و هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌كانی كورد درا له خۆپێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌كردنیان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به مه‌به‌ستی پاكسازی هه‌وڵی داخستنی خوێندنگه و ناوه‌نده په‌وه‌رده‌ییه‌كان درا. به مه‌به‌ستی ڕێگریكردن له‌م بارودۆخه نه‌خوازراوه له لایه‌ن حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌دا به‌شێک له قوتابخانه‌كان كرانه‌وه و له لایه‌ن به‌شێک له مامۆستایانی نێو شۆڕش، كه زۆربه‌یان كادر و پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموكرات بوون و پێیان ده‌گوترا "مامۆستایانی شۆڕش"، شانبه‌شانی ئه‌ركی پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌ركی مامۆستایه‌تییان به‌ڕێوه ده‌برد و وانه‌یان به زمانی كوردی گوتۆته‌وه (مه‌حموود، ٢٠١٢، ١٥٣). له ساڵی خوێندنی ١٩٨٠-١٩٨١ له ناوچه ڕزگاركراوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌شێک له قوتابخانه‌كان كه به هاوكاری و تێكۆشانی لێپرسراوان و ئه‌ندامانی حیزبی دێموكرات كراونه‌وه و هه‌ر له‌و كاته‌دا داوا له ڕووناكبیران و خوێنده‌واران كراوه هاوكاریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بن له پێگه‌یاندنی ڕۆڵه‌كانی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر له مامۆستا و خوێندكاران و ڕووناكبیران كه له كچ و كوڕ پێکهاتبوو له هه‌وڵی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانیاندا بوون (به‌ڵگه‌نامه‌ی كۆنگره‌كانی حیزبی دێموكرات له كۆنگره‌ی ١-٩، ب١، لا٢٠٢). له هاوینی ساڵی ١٩٨٢دا كۆڕی په‌روه‌رده و فێركردن له سه‌رانسه‌ری كوردستان و ناوچه ئازادكراوه‌كان خولی پێگه‌یاندنی بۆ چین و توێژه‌كان ده‌كرده‌وه و بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاره‌زووی مامۆستایه‌تییان هه‌بوو له قوتابخانه‌كانی شۆڕشدا (حه‌سه‌ن‌زاده، ١٩٩٥، ب١، ٢٦٣). هه‌ر له‌و باره‌وه گه‌وهه‌ر شێرخانی ده‌ڵێ: "حيزبى دێموكرات ئەگەرچی بەربەستی زۆری لەبەردەم بوو، هه‌میشه گرنگی به بواری په‌روه‌رده داوه. گرنگترین خزمەتێک کە حیزبی دێموکرات بە ڕەگەزی مێی کوردی کرد گێڕانەوەی ئیرادە و باوەڕبەخۆبوون بۆ ژنان بوو" (شێرخانی، هه‌ولێر، ٢٣/٦/٢٠٢٤). هه‌روه‌ها ماپه‌ره قه‌ره‌گۆلی ده‌ڵێ: "دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ پاش ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر شارەکاندا گرتەوە و بەهۆی ئەندامەتیم لەو ڕێکخراوی سازمانی جه‌وانانی كورد (ڕێكخراوی لاوان) من و چەند هاوڕێیەکی تر وەک مامۆستای شۆڕش لە قوتابخانە وانەمان گوتۆته‌وه" (قه‌ره‌گۆلی، سۆئێد له ڕێگه‌ی واتس‌اپ، ٢٣/٦/٢٠٢٤). هه‌ر له‌و باره‌وه عیسمه‌ت نستانی ده‌ڵێ: "ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تیم له‌نێو حیزبی دێموكرات له ساڵانی هه‌شتاكان له كۆمیته‌ی سه‌رده‌شت له ڕێكخراوی ژنان و لاوان بووه. هه‌رچه‌نده خوێندكاری قۆناغی ئاماده‌یی بووم، به‌ڵام وه‌ک مامۆستای ڕاهێنراو وانه‌م به گه‌وره‌ساڵان ده‌گوته‌وه. ئه‌وكات كار و چالاكیی ڕێكخراوه‌كانی لاوان و ژنان به‌رنامه‌دانان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ڕۆژمێره مێژووییه‌كانی حیزبی دێموكرات و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا گرتنی كۆڕ و كۆبوونه‌وه بۆ لاوان و ژنان و كچان و ده‌ركردنی ڕۆژنامه‌ی دیواری و دانانی ده‌وره‌ی نیزامی و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵدان بۆ فێركردن و خوێنده‌واركردنی كچان و ژنان بوو، بۆ نموونه له گه‌ڕه‌كی بولواری شاری سه‌رده‌شت له بینای (خانه‌ی موعه‌لیمان) توانیبوومان خوێندنگایه‌كی تایبه‌ت به گه‌وره‌ساڵان بكه‌ینه‌وه و زیاتر ئه‌و كچانه ده‌هاتن كه پێشووتر ده‌رفه‌تی خوێندنیان بۆ نه‌ڕه‌خسابوو. هه‌رچه‌نده به‌هۆی شه‌ڕی داسه‌پاو به‌سه‌ر كوردستاندا كار و چالاكییه‌كانمان ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌رته‌سكتر بۆوه، به‌ڵام ئه‌ركه په‌روه‌رده‌ییه‌كان جێگای خۆیان گرتبوو" (نستانی، كۆیه، ٣٠/٦/٢٠٢٤). لێره‌دا ده‌كرێ بگوترێت ڕۆڵ و به‌شداریی ژنان له‌نێو حیزبی دێموكراتی كوردستان جگه له هه‌وڵدان بۆ مافه سه‌ره‌تاییه‌كانیان و ئازادییه ڕه‌گه‌زی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان، له بواری په‌روه‌رده و فێركردنیشه‌وه ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تیی گرنگیان له‌سه‌ر شان بووه و به‌ڕێوه‌یان بردوه. پێویسته ئه‌وه‌ش بخریته ڕوو، زۆرجار له لایه‌ن ڕێكخراوه‌كانه‌وه و خودی حیزبی دێموكراتیشه‌وه كۆڕی په‌روه‌رده و فێركردن له ناوچه ئازادكراوه‌كانی كوردستان هه‌بووه و گرنگیی زۆریش به خولی پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌یی دراوه.
دەرەنجام:
١. ده‌ستپێكی یه‌كه‌مین خه‌باتی ژنانی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌نێو حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران‌دا و هاتنیان بۆ نێو ژیانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و په‌روه‌رده‌یی و به‌دواداچوون بۆ داخوازییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ده‌گەڕێته‌وه بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه مێژووییه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا ڕووی دا، كه دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان بوو. ڕۆڵ و به‌شداریی ژنان له‌و قۆناغه‌دا به ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموكرات له چوارچێوه‌ی كاری ڕێكخراوه‌یی یه‌كیەتیی ژنان خۆی بینیوه‌ته‌وه، كه زیاتر جه‌ختكردنه‌وه بووه له‌سه‌ر مافه‌كانی ژنان و هۆشیاركردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر پرسه‌كانی خوێنده‌واری تا ئه‌وه‌ی هه‌وڵدان بووبێ بۆ كاری حیزبی و سیاسی له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تیكردن.
٢. حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی له‌ئه‌ستۆ بووه و له ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو هه‌وڵی ڕێكخستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی داوه و له په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌كانیدا باسی له به‌شداریی ژنان له پرسه ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كردوه، به‌ڵام له‌م ڕووه‌وه ژنان له‌نێو حیزبی دێموكرات‌دا زۆر كه‌م له ئاستی بڕیاردان بینراون.
٣. هه‌رچه‌نده له كۆنگره‌ی چواره‌می حیزبی دێموكرات، ژن گه‌یشتۆته ئاستی سه‌ركردایه‌تی، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆکیی نێوخۆیی حیزبی و جیابوونه‌وه‌یان له كاری حیزبی دووركه‌وتوونه‌ته‌وه، دوای ئه‌و كاته‌ش تا كۆنگره‌ی یازده و چوارده ژنان له ئاستی سه‌ركردایه‌تی نه‌بینراون.
٤. ژنان جگه له خه‌باتی سیاسی، له بواری ڕێكخستن و حیزبییه‌وه به‌شدار بوون و له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه زۆرجار به‌هۆی ئاشكرابوونیان و گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان به‌شێكیان ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ بوونه‌ته‌وه و بوونه قوربانی.
٥. پرسی یه‌كسانیخوازیی ژنان له‌نێو حیزبی دێموكرات‌دا له دوای پرسه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هاتۆته به‌رباس و ئه‌م پرسه‌ش ته‌نیا له چوارچێوه‌ی گوتاردا خراوه‌ته ڕوو و ماوه‌ته‌وه، ژنانیش له‌م ڕووه‌وه كه‌مته‌رخه‌م بوون.
٦. ژنان له ڕیزه‌كانی حیزبی دێموكرات‌دا شانبه‌شانی پیاوان ڕۆڵ و به‌شداریی كارایان له بواری چه‌كداری و پێشمه‌رگایه‌تیدا هه‌بووه و له زۆربه‌ی هێز و پۆله جیاوازه‌كانی ژنان بوونیان هه‌بووه و به‌شێكیان له ده‌سته و تاقمه هێرشبه‌ر و به‌رگرییه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌شدا خه‌باتی چه‌كداری و پێشمه‌رگانه‌یان كردوه، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌رک و ڕۆڵیان له باره‌گاكانی حیزب و پاسه‌وانیدا بووه.
٧. ژنانی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له‌نێو حیزبی دێموكراتی كوردستان دوو ئه‌ركیان له‌سه‌ر بووه و هه‌وڵیان بۆ داوه: ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی بووه و له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و هزره‌شدا بێجگه له خه‌باتی چه‌كداری كه ده‌ستپێكی ئه‌ركیان بووه، له چه‌ندین بواری دیكه‌ی وه‌ک په‌روه‌رده و فێركردن له قوتابخانه‌كانی شۆڕش و نه‌خۆشخانه‌دا نه‌خش و ڕۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بووه.