لە درێژەی زیادبوونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزییەکان لەنێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای زانیاریی ناوەندی ئەمریکا "سیا"، باسی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچە و لاوازبوونی بنەڕەتی هێز و پێکهاتەی ڕێژیمی ئێران کرد.
"دەیوید پەتریۆس" لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی "ئەلعەرەبییە" پشتڕاستی کردەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەچاو ئەو کاتەی کە ئەو لە ناوچەکە بوو، تووشی گۆڕانکارییەکی گەورە بووە و گرینگترین گۆڕانکاریش کەمبوونەوەی بەرچاوی هەژمونی و توانای ئێرانە.
بە وتەی ئەو، ئەم لاوازبوونە تەنیا ئێران ناگرێتەوە، بەڵکوو هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا، لەوانە حوسییەکانی یەمەن، حیزبوڵڵای لوبنان و هێزە نیابەتییەکانی سووریە و عێراقی لەخۆی گرتووە.
بەڕێوەبەری پێشووی "سیا" بە ئاماژە بە هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل دوای ئەوە، کارزارێکی بەربڵاوی جێبەجێ کرد کە لاوازبوونی بەرنامەی ناوکیی ئێران و کوژرانی زیاتر لە ١٠ کەس لە زانایانیی ناوکی و فەرماندەکانی پلەبەرزی ڕێژیمی لێکەوتەوە.
ناوبراو هەروەها باسی بەشداربوونی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە قۆناغەکانی کۆتایی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا کرد و وتی واشنگتۆن لە تێکشکاندنی دامەزراوە ناوکییە زۆر قووڵەکان، بە تایبەتی لە سایتی گرینگی ناوکیی "فۆردۆ"، بەشدار بووە.
پەتریۆس لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا، ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد و ڕاکردنی بۆ موسکۆی بە ئەنجامی سەرقاڵبوونی ڕوسییە بە جەنگی ئۆکراین وەسف کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی لەدەستدانی گرینگترین هاوپەیمانی ناوچەیی ئێران.
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لە جێگربوونی هێزێکی نیزامیی ئەمریکا لە ناوچەدا کردووە کە دەتوانێت ئامادەکاری بۆ هێرشێکی بەربڵاو بۆ ئێران یان ئامرازێک بێت بۆ سەپاندنی ڕێککەوتنێکی بەهێزتر لەو ڕێککەوتنەی لە دەورەی ئۆباما بەدەست هاتبوو.