ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئاماژەی بە شەپۆلێکی نوێی سەرکوت و دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی ئەو کەسانە کردووە کە هاوکاریی بریندارانی خۆپیشاندانەکانیان کردووە و ڕایگەیاندووە، هێزە سەرکوتکەرەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵ و کلینیکەکان، پزیشکان و هاووڵاتییانی خۆبەخش دەسبەسەر دەکەن و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا دەگرن.
ئەم ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەش داوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، بە ئامانجی دروستکردنی ترس و پێشگیری لە چارەسەری برینداران، هەڵیان کوتاوەتە سەر ناوەندەکانی دەرمان و پزیشکانیان دەسبەسەر کردوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئامین سلێمانی، پزیشک و خاوەن کلینیکی پێست و قژ لە ئەردەبێڵ، بەهۆی هاوکاریی بریندارانی خۆپیشاندانەکان لەم شارە دەسبەسەر کراوە و دۆخی ئەردەبێڵ لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار بەشێوەیەکی بەرچاو قەیراناویی بووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، دەسبەسەرکردنی ئەم پزیشکەی لە ڕاستای گوشار خستنەسەر کۆمەڵگەی پزیشکی بۆ دەستێوەرنەدان لە چارەسەری خۆپیشاندەران هەڵسەنگاندووە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە درێژەی پێوەندییە هەڕەشەئامێزەکان دژی پزیشکان، ڕێگرییان لە چارەسەری بریندارانی ناڕەزایەتییە سەرانسەریەکان کردووە و پێیان ڕاگەیاندون خۆیان لە چارەسەری بریندارانی ناڕەزایەتییەکان ببوێرن و لەگەڵ سەردانی هەر بریندارێک، پێویستە دەسبەجێ ڕێکخراوە سەرکوتکەرەکان ئاگادار بکەنەوە.