ئەرتشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندان لە کۆمەڵە هێرشێکی ئاسمانی و ئامانجدار بۆ سەر دامەزراوە و هێزەکانی حیزبوڵڵا لە باکووری لوبنان، محەممەد ئەلحوسەینی فەرماندەی تۆپخانە و یەکێک لە ئەندامانی گرینگی ئەم گرووپە کوژراوە.
لەم هێرشەدا باڵاخانەیەکی سەر بەم گرووپەش کراوەتە ئامانج.
ئیسرائیل دەڵێت کە ئەم کەسە ڕۆڵێکی گرینگی لە گەڵاڵەکردن و چۆنییەتیی داڕشتنی هێرشەکانی حیزبوڵڵا دژی ئیسرائیل هەبووە و لە مانگەکانی ڕابردوودا هەوڵی بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆپخانەکانی حیزبوڵڵا داوە.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە ئەلحوسەینی جگە لە چالاکییە نیزامییەکانی وەک مامۆستا لە قوتابخانەیەکی ئەم ناوچەیە کاری کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە باڵاخانەیەکیش هەر لەم ناوچەیە کە هێزەکانی حیزبوڵڵا بۆ چاڵاکییەکانییان کەڵکییان لێ وەردەگرت کراوەتە ئامانج و چەن شوێنێکی نیزامی و ژێرخانی نیزامیی سەر بەم گرووپە لە ناوچەی بەقاعیش تۆپباران کراون.
ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە چالاکیی ئەم هێزانە لەم ناوچانە پێشێلکردنی ڕەوتی ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و لوبنانە، هەروەها ئەم دامەزراوە نیزامییە ڕایگەیاندووە کە لە هەوڵە نیزامییەکانی خۆی بۆ لەناوبردنی هەر چەشنە هەڕەشەیەک لەلایەن ئیسرائیلەوە بەردەوام دەبێت.