لە درێژەی گرژییە ناوچەییەکان و زیادبوونی گومانەکان سەبارەت بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە ئەمریکا ئامادەی ئەنجامی "عەمەلیاتی نوقتەیی" لە دژی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێرانە.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ١٤ی ئیسرائیل، ئەمریکا پاش سەفەری "برەد کووپێر"، سەرۆکی سێنتکام، بۆ تێلاڤیڤ و دیدار لەگەڵ "ئەیاڵ زەمیر"، سەرۆکی ستادی گشتیی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە کە بۆ "شەڕی هەمەلایەنە" پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە، بەڵام بۆ ئەنجامی هێرشێکی بچووک، خێرا و خاوێن لە دژی ڕیژیمی ئێران لە ئامادەیی تەواودایە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ستراتێژی ئەمریکا بۆ هێرشی سنووردار و دیاریکراو بۆ دامەزراوەکانی سەرکوت لە ئێرانە کە ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان لە کوشتاری خۆپیشاندەراندا هەبووە.
هاوکات لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانە، جێگربوونی نیزامیی ئەمریکا لە ناوچە زیاد بووە و ناوی فڕۆکەهەڵگری "یووئێسئێس ئابراهام لینکۆڵن" لە نزیکەی ئێران جێگر بووە.
لە ئەم چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترامپیش بە پەسەندکردنی ناردنی کەرەستەی پۆشتەی نیزامی، ڕایگەیاندووە کە ڕووداوەکانی ئێران بە شێوەیەکی ورد چاوەدێری دەکرێن.
لە کاردانەوە بەو گۆڕانکارییانە، گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران دەستیان بە هەڕەشە کردووە.
حوسییەکانی یەمەن باس لە ئەگەری هێرش بۆ کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور دەکەن و کەتائێبی حیزبوڵای عێراقیش بە ئەدەبیاتێکی شەڕئەنگێزانە، باسی لە ئامادەیی بۆ شەڕێکی گەورە بۆ پشتیوانی لە ڕێژیمی ئێرانی کردووە.
شایانی باسە کە سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشتر هۆشداری دابوو کە لە ئەگەری سەرکوت و کوشتاری خۆپیشاندەران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هەموو بژاردەکان لەسەر مێزە و دوای کوشتاری بێوێنەی ناڕازییان، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.