ڕۆژنامەی "ئیسرائیلهیۆم" ڕایگەیاند کە زانیاری نوێ، بە هاوبەشی ئیسرائیل، نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی بۆ ئەمریکا، دەستی بە لەسێدارەدانی فراوانی خۆپێشاندەران کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیسرائیلهیۆم، دەوڵەتی ئەمریکا دەستی بە بەڵگەی زانیاری باوەڕپێکراو گەیشتووە کە نیشان دەدات ڕێژیمی ئێران لە حەفتەکانی ڕابردوودا خۆپیشاندەرانی بە شێوەیەکی فراوان لەسێدارە داون.
لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران بە پێچەوانەی ئەو دڵنیاییانەیە کە ترامپ پێشتر وتبووی لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێرانی وەرگرتووە.
ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە یەکێک لە هۆکارەکانی دواخستنی هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران، وەرگرتنی چەندین پەیام بووە کە تێیدا وتراوە لەسێدارەدانی زیاتر لە ٨٠٠ دەسبەسەرکراوی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکان ڕاوەستێنراوە.
بەڵام ئیسرائیلهیۆم دەنووسێت زانیاری نوێ پێشان دەدات ئەم سێدارانە نەک تەنیا ڕانەگیراون، بەڵکوو بە شێوازە جیاوازەکان بەردەوامن.
بەپێی نووسینی ئەم ڕۆژنامەیە، کۆماری ئیسلامی هەبوونی ئەم پەیامانەی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لە بنەڕەتەوە هیچ لیستێکی ٨٠٠ کەسی بۆ سێدارە نەبووە.
ئیسرائیلهیۆم هەروەها زیادی کرد کە بەشێکی گەورە لە تیمی ئەمنییەتی و سیاسیی ترامپ، لەوانە جێگری سەرۆککۆمار جی.دی. ڤەنس، وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیۆ و وەزیری شەڕ پیت هێگسێت، باوەڕیان وایە لێدانێکی قورس لە ڕێژیمی ئێران نەک تەنیا لە ڕووی ئەخلاقییەوە ڕەوایە، بەڵکوو لە ڕووی ستراتێژیشەوە بە سوودی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
بەپێی نووسینی ئەم ڕۆژنامەیە، ئیسرائیل، ئیمارات و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئورووپایی وەک بریتانیا، پشتیوانیی هەڵبژاردەی نیزامی دەکەن و لە حاڵەتی ئەنجامدانی هێرشدا ئامادەن پشتیوانیی زانیاری، لۆجیستیکی و بەرگریی ئاسمانی بدەن بە ئەمریکا؛ لەوانەش تەقاندنەوەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەکان کە ڕەنگە لەلایەن ئێرانەوە بنێردرێن.
لە بەشی کۆتایی ئەو ڕاپۆرتە بە ئاماژە بە جێگیربوونی هێزی نیزامیی ئەمریکا لە ناوچە، هاتووە کە ئێستا هەموو شتێک پەیوەندیی بە بڕیاری کۆتایی ترامپەوە هەیە.