لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەستیان پێ کرد، لانیکەم ٣٠ هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی ئیلام، دەرەشار، بەدرە، مەڵکشای، سەراوڵە و چرداوڵ سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەپێی هەواڵە پشتڕاستکراوەکان لەلایەن کوردپاوە، لە ماوەی ڕۆژانی ١١ هەتا ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، لانیکەم ٣٠ کەسی دیکە لە پارێزگای ئیلام دەسبەسەر کراون. لە نێوان دەسبەسەرکراواندا دوو مێرمنداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵان و ژنێک و دانشیارێکی زانکۆی ئیلام هەیە.
زۆربەی ئەم کەسانە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرش بۆ سەر ماڵەکانیان و بەشێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کراون و هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ئامارەکانی کوردپا لەو ماوەز ەمەنییەدا، لە ئیلام ١٤ کەس، لە دێهلوڕان ۲ کەس، لە دەرهشار ۴ کەس، لە بەدرە ۴ کەس، لە مەڵکشایی ۲ کەس، لە سەراوڵه؛ ۲ کەس و لە چرداوڵ ۲ کەس دەسبەسەر کراون.
یەکێک لە دەسبەسەرکراوان بە ناوی مەیسەم نووری لاوێکی ۲۱ ساڵان بووە که بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی «خومەینی»ی ئیلام خەوێندراوە. ناوبراو چەند ددان و هەر دوو مەچەکی دەستی شکاون و بەو حاڵەوە بەشێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بەم شێوەیە هەتا ئیشتا نزیکەی ١٠٠ کەس تەنیا لە پاریزگای ئیلام دەسبەسەر کراون.
ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، و کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان.
پرسی سەرەتایی ناڕەزایەتییەکان ئابووری و بژیو بوو، بەڵام وردەوردە لە زۆربەی شارەکاندا بوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ڕێژیم و دروشمگەلێک دژی نیزام و ڕێبەرەکانی.