کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مای ساتۆ: ڕفاندنی خۆپیشاندەرانى بریندار لە نەخۆشخانەکان پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە

11:13 - 7 رێبەندان 2725

ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بوارى مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ڕاپۆرت، ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندەرانی بریندارییان لە نەخۆشخانەکان ڕفاندووە و دەسبەسەریان کردوون.

مای ساتۆ، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، بە ئاماژەدان بە شایەتی کارمەندانی دەرمانی لە چەند پارێزگایەکی ئێران، وتی هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشێکی ڕاستەوخۆیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەکان و نەخۆشانى برینداریان، تەنانەت دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری، ڕفاندووە.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە چەندین بنەماڵە دوای چوونە نەخۆشخانەکان، تێگەیشتوون منداڵەکانییان بێسەروشوێن کراون و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتێرز"، ژمارەیەک لە کارمەندانی تەندروستی بەو مەرجەی شوناسیان پارێزراو بێ، ئەم ڕاپۆرتانەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

پزیشکێک لە شاری ڕەشت وتی: "دەیان نەخۆش بە هۆی برینداربوون بە فیشەک لە نەخۆشخانەکەمان خەوێندرابوون کە نەشتەرگەرییان بۆ کرا، بەڵام دوای هاتنی هێزەکانی سپای پاسداران، هەموویان بردران و ئێمە نازانین چییان بەسەردا هاتووە".

هەروەها پەرستارێک لە تاران وتی هێزەکانی سپای پاسداران و پۆلیس هاتنە ناو نەخۆشخانەکان و تەواوی ژوورەکانیشیان بۆ دۆزینەوەی برینداران پشکنی.

مای ساتۆ هۆشداری دا و وتی ئەم کردارە ترس و تۆقاندنێکی گشتی دروست دەکات کە خەڵک لە چوون بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەرمانی دوور دەخاتەوە و بەهۆی ترسی دەسبەسەرکران، ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە یان دۆخی تەندروستییان خراپتر دەکات.

ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەپێی کۆنوانسیۆنەکانی ژنێڤ، نەخۆشخانەکان، پزیشکان و نەخۆشان دەبێت لە هەر چەشنە دەستێوەردانێکی ئەمنییەتی پارێزراو بن.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا، باس لە باج‌وەرگرتنی سیستماتیک لە بنەماڵەکانی قوربانییان کراوە کە بۆ وەرگرتنی تەرمی کوژراوان، داوای پارەی نێوان ٧٠٠ تا یەک ملیارد تمەن کراوە.

ساتۆ ئەم کارەی بە "تێکەڵکردنی خەفەت بە وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ" ناو برد و وتی: هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناونانی خۆپیشاندەران وەک "تێرۆریست" یان "ئاژاوەگێڕ" هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ پاساوی سەرکوتی توندوتیژ و کوشتنی سەرەڕۆیانەی خۆپیشاندەران.

مای ساتۆ لە کۆتاییدا بۆ جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان زۆر لەو ئامارانەی فەرمی بڵاو دەکرێنەوە زیاترە.