کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ئیتالیا لە ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی

11:20 - 7 رێبەندان 2725

دوابەدوای گوشارەکان بۆ  سەر ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر سەرکوتی دڕندانەی ناڕەزایەتییەکان و هەوڵەکان بۆ ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، ئیتالیا پشتیوانیی خۆی لەو هەوڵە ڕاگەیاند.

ئانتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ڕۆژی دوشەممە ٦ی ڕێبەندان، ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە بڕیاری وڵاتەکەی بۆ هاندانی ئەندامانی دیکەی یەکیەتیی ئورووپا بۆ زیادکردنی سپای پاسداران بە پێڕستی "ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان" دەکات.

ناوبراو هۆکاری ئەو بڕیارەی بۆ "بەشداریی سپای پاسداران لە سەرکوتی خوێناوی و بەربڵاوی خۆپیشاندەران لە ئێران" گەڕاندووەتەوە.

تایانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسی: "ئەو زیانە گەورەیەی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان بەر خەڵکی مەدەنی کەوتووە، پێویستی بە کاردانەوەیەکی ڕوون و ئاشکرایە".

ئەو دیپلۆماتە پلەبەرزەی ئیتالیا هاوکات داوای لە ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا کرد کە گەمارۆی دامەزراوە و کەسانی پەیوەندیدار بە سەرکوتی خۆپیشاندەران لە ئێران، لەبەرچاو بگرن.

شایانی باسە کە وڵاتی ئیتالیا تا پێش ئێستا دژی ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بووە.

زیادکردنی سپای پاسداران بۆ ناو پێڕستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی، پێویستی بە کۆدەنگیی هەموو ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا هەیە و تا ئێستا جگە لە ئیتالیا، فەرانسە و ئیسپانیاش دژی ئەو بڕیارەن.

جێگای ئاماژەیە کە بە وتەی دوو بەرپرسی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تەنیا لە دوو ڕۆژی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار لانیکەم ٣٠ هەزار کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی کوژراون و دەیان هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.