کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران: ڕاستییەکان و سیناریۆ دەستکردەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

11:55 - 7 رێبەندان 2725

 

کامران ئەمین ئاوە

ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی هاوچەرخی ئەم وڵاتەدا؛ ڕاپەڕینێک کە لە لایەک، بناغەکانی خەلافەتی کۆماری ئیسلامیی هەژاندووە و لە لایەکی دیکەشەوە، بووە بە گۆڕەپانێک بۆ کەڵک‌وەرگرتنی بەشێک لە ڕەوتە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات. لەم نێوەدا پاشایەتیخوازەکان هەوڵیان داوە دەست بەسەر ئەو ناڕەزایەتییانەدا بگرن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان؛ لە کاتێکدا ڕاستیی کۆمەڵگەی ئێران ئەوە نیشان دەدات کە مەیلی پاشایەتیخوازی زۆرتر لەوەی کە ڕیشەی لە کۆمەڵگەدا هەبێت، دیاردەیەکی سنووردار و ویستی کەمینەیەکە کە لە لایەن مێدیاکانی سەر بە ڕەزا پەهلەوییەوە گەورە دەکرێتەوە. ئەم بزووتنەوەیە، بەتایبەت پاش پچڕانی بەربڵاوی بەرق، تەلەفۆن و ئینتەرنێت، ڕووبەڕووی سەرکوتی بێ‌وێنە و توندوتیژیی هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتی و دەرەکییەکانیی وەک حەشدی شەعبی بووەوە.

هێشتا بە وردی ڕەهەندی ئەم سەرکوتکردنە و تاوانە ئەنجامدراوەکان بە تەواوی ڕوون نین، ئەمەش بەهۆی سنووردارکردنی توندی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و نەبوونی پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆیە. لەم هەلومەرجەدا، ڕێژیمی ئێران بۆ پاساوهێنانەوە و شەرعییەتدان بە کردەوە توندوتیژەکانی، پەنای بۆ سیناریۆی دووپاتکراوە و سواو بردووە. جارێکی دیکەش وەک سەردەمی ڕێژیمی ڕووخاوی پەهلەوی تیشکی خستووەتە سەر گریمانەی "دەستی بێگانە" و، بەرپرسیارێتیی کوشتنی ناڕازییان و توندوتیژیی هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی دەخاتە ئەستۆی "تیرۆریستەکان و هێزە بیانییەکان".

فەرەح دیبا شاژنی پێشووی ئێرانیش لە بیرەوەرییەکانیدا بە ڕێبازێکی هاوشێوە ئاماژەی بە ڕۆڵی هێزە دەرەکییەکان لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵانی شۆڕشی ١٣٥٧ – ١٣٥٦ کردوە. بۆ وێنە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی هەینی ١٧ی خەرمانانی ١٣٥٧، بە مەبەستی شەرعییەتدان بە سەرکوتکردنی خەڵک، نووسیویەتی:

"ئەرتەش کە چاوەڕێی خۆپێشاندەران بوو لە مەیدانی ژالە، فەرمانی وردی لە تیمسار ئۆوەیسی وەرگرتبوو. هەردوو گرووپەکە چەکدار بوون، و پێکدادان لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا حەتمی بوو. تەقەکەرانی فەلەستینی، کە بێ لەبەرکردنی جلوبەرگی فەلەستینی خۆیان لەنێو جەماوەری خەڵک یان لە سەربانەکان حەشار دابوو، تەقەیان لە سەربازەکان کرد و ئەوانیش بە ناچاری وڵامیان دایەوە. لەم پێکدادانانەدا ١٢١ خۆپیشاندەر و ٧٠ سەرباز کوژران." لە شوێنێکی تردا دەنووسێت: "مێدیا چەپەکانی ڕۆژئاوا باسی توندوتیژی و ترس و تۆقاندنیان دەکرد. نەک باسی ئەو بارودۆخەی تیرۆریستەکان پێکیان هێنابوو، بەڵکوو ئەوەی کە بە گوێرەی قسەی ئەوان لە پۆلیس و ساواک سەرچاوەی گرتبوو". ئەو ئیدیعایەی بەڕێوەبەران و ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە "تیرۆریستەکان و بریکارەکانی مۆساد" لە یەک کاتدا تەقەیان لە ناڕازییان و هێزەکانی حکوومەت کردوە، وەک شێروڕێوی‌ هێنانەوەی فەرەح دیبا سەبارەت بە بوونی "تیرۆریستە فەلەستینییەکان" لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی ڕێژیمی پەهلەوی، زیاتر هەوڵێکە بۆ نکۆڵیکردن لە سروشتی جەماوەری و خۆبەخۆیی ناڕەزایەتییەکان نەک شیکارییەکی بەڵگەدار. جێی داخ ئەوەیە، کەسانێک لە دەرەوەی وڵاتیش، خوازراو و نەخوازراو، یارمەتی بە بەرهەمهێنانەوە و بەدیهێنانی ئەم تیۆرییە پیلانگێڕییە دەدەن.

چاوخشاندنێکی ڕاستبینانە بە مەیدانی ناڕەزایەتییەکان، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم بزووتنەوەیە، بۆ یەکەم جار لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی ئێرانەوە، ڕەهەندێکی تەواو جەماوەریی هەیە و زیاتر لە ١٠٠ شاری گەورە و بچووکی ئێرانی لەخۆگرتووە. لەرزۆکبوونی بە جیددیی بناغەکانی ڕێژیم بۆخۆی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەیەکی وەها بەربڵاو، پێویستی بە دروستکردنی دوژمنێکی دەرەکی و، گەورەکردنی دیاردەیەک بە ناوی ڕۆڵی "تیرۆریستەکان" هەیە.

لە هەلومەرجێکدا کە ئینتەرنێت بە تایبەت لە دوای ٨ی ژانوییە بە تەواویی پچڕاوە، ئەم پرسیارە جیددییە دێتە ئاراوە کە چۆن دەکرێ وتار و پەیامی مێدیایی کەسایەتییەکی وەک ڕەزا پەهلەوی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت لە ورووژاندن و ڕێنماییکردنی ئەو خەڵکەی کە لەسەرخۆ ڕژانە سەر شەقامەکان؟ بیستنی هەندێک دروشمی پاشایەتیخوازی لە ناو ناڕەزایەتییەکاندا، بە هیچ شێوەیەک بە مانای هەژموونی سیاسیی ڕەوتێک یان تاکێکی دیاریکراو نیە. هەروەک چۆن باوەڕ ناکرێ لە وڵاتێکی بەرفراوانی وەک ئێراندا، چەند "تیرۆریست"ێکی ڕاهێنراو لە شوێنی جیاوازەوە بتوانن لەو ساتەدا کە ناڕەزایەتییەکان دەستی پێ کرد و لە مەودایەکی کورتدا لە تارانەوە بۆ ئیلام، شەپۆلێکی توندوتیژیی ڕێکخراو دروست بکەن.

ئەم جۆرە ڕیوایەتانە، لە ڕاستیدا گاڵتە بە فیداکاریی ئەو گەنج و خەڵکانەیە کە بەوپەڕی گیانفیداییەوە لە بەرانبەر یەکێک لە توندوتیژترین حکوومەتەکانی ئێران لەم چەند سەدەیەی دواییەدا ڕاوەستاون. ئەمە یەکەم جار نیە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، نائارامیی نێوخۆ بە پیلانێکی دەرەکی گرێ دەدات و بەپێی سیناریۆیەکی ساختە، باس لە ڕۆڵی 'مۆساد و هێزە بیانییەکان' لە دروستکردنی "گرژی و نائارامی" لە ئێراندا دەکات.

لەگەڵ ئەمەشدا، تەنانەت ئەگەرێکی لاوازی وەک بوونی هەندێک توخم کە هەوڵ دەدەن "لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن" بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نیە کە ئەوان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووبێت لە گۆڕینی دیمەنێک بۆ توندوتیژی کە تێیدا حکوومەت خۆی سەرچاوەی سەرەکیی ئەم توندوتیژییە بووە. داکۆکی لەخۆکردن و تەنانەت بەرهەڵستییان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت کە خەڵک دەکوژن، مافی ئاشکرای خۆپێشاندەرانە. بۆیە نابێ بە کەوتنە ناو مەیدانی کایەی کۆماری ئیسلامی، بە دەستی خۆ بەهای ئەم بزووتنەوەیە و خوێنی گیانبەختکردووانی کەم بکەینەوە.

بزووتنەوەی خەڵکی ئێران، پێش هەموو شتێک، دەنگی ناڕەزایەتییە بەرانبەر بە ستەمێکی پێکهاتەیی و هەڵاواردن و سەرکوت؛ دەنگێک کە بە پیلانێکی دەرەکی دەستی پێ نەکردوە و بە سیناریۆسازیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ناکوژێتەوە.